هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ بووژاندنەوەی ئابوورییەکەیان چاویان لە فەرەنسایە

27-05-2025
کۆڕبەندی بازرگانیی عێراق و فەرەنسا لە پاریس بەڕێوەچوو
کۆڕبەندی بازرگانیی عێراق و فەرەنسا لە پاریس بەڕێوەچوو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆڕبەندی بازرگانیی عێراق و فەرەنسا لە پاریس بەڕێوەچوو؛ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان تێیدا بەشدار بوون. ئامانجەکە راکێشانی سەرنجی کۆمپانیا فەرەنسییەکانە.
 
لۆران سان مارتین، وەزیری بازرگانیی فەرەنسا بە رووداوی گوت: "لە مانگی تەممووزدا سەردانی عێراق دەکەم. دەرفەتێکی گەورەمان لەپێشە بۆ ئەوەی کۆمپانیا فەرەنسییەکان بۆ دەرفەتی بازرگانی ببەینە عێراق؛ هەروەها بۆ ئەوەی ببینین کە چۆن دەتوانین هاوئاهەنگیی زیاتر لەنێوان دوو وڵاتەکە بکەین. بێگومان پەیوەندییەکی درێژ و مێژووییان هەیە، بەڵام ئێستا دەمانەوێت بۆ بازرگانی بیگۆڕین."
 
قەبارەی بازرگانیی ساڵانەی نێوان عێراق و فەرەنسا نزیکەی 2.2 ملیار دۆلارە؛ ئامانجەکە ئەوەیە لە ساڵانی داهاتوودا زیادی بکات.
 
ئەسیر غرێری، وەزیری بازرگانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئامادەبوونمان لەم کۆنفرانسە هەنگاوێکى جیدییە بۆ راکێشانى کۆمپانیاکان و گەیاندنى ئەو پەیامەى کە عێراق ئاسایش و سەقامگیرە و بووەتە جێگەی سەرنجی وەبەرهێنەران و ئاوەدانکردنەوە؛ بۆیە داوایەکى راستەقینە هەیە کە فەرەنسا بە هێزەوە بگەڕێتەوە بازاڕى عێراق."
 
لە ساڵی 2023دا عێراق بایی 1.84 ملیار دۆلار هەناردەی بۆ فەرەنسا هەبووە؛ فەرەنساش 341 ملیۆن دۆلار هەناردەی بۆ عێراق هەبووە.
 
سۆیفی سیدۆس ڤیکا، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی فەرەنسا بۆ راوێژکاریی بازرگانیی دەرەکی گوتی: "ئەمڕۆ داوا دەکەم لیژنەیەکی تایبەت پێکبێت، تاوەکو بتوانین لیژنەیەکمان لە عێراق هەبێت. دەتوانین کار لە زۆر بواردا چالاک ببینین. ئێمە پێنج هەزار بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هەموو گەورە کۆمپانیاکانی فەرەنسامان هەیە. ئەوەی ئێستا دەمانەوێت بیکەین ئەوەیە، بچینە عێراق و کار بکەین."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە کۆڕبەندەکە ئامادە بوو.
 
د. محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "گفتوگۆ لەسەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت کە ئێمە چۆن دەتوانین لە داهاتوودا بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان فراوانتر بکەین.''
 
ئێستا عێراق لە زۆنی سووری وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسادایە و ئەمەش بەواتای سەردانیکردن بۆ عێراق مەترسیدارە و کۆمپانیا فەرەنسییەکان ناتوانن ئازادانە بێن. بەرپرسانی عێراقیش هەوڵدەدەن لەرێگەی ئەو کۆڕبەندەوە وڵاتەکە لە زۆنی سووری فەرەنسا دەربهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرگی گۆڤارەکە

دەستنیشانکردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" لەلایەن گۆڤاری تایمەوە گڕ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەدات

ژماریەکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا، رەخنە لە گۆڤاری تایمی ئەمریکی دەگرن کە "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد"ی وەک کەسایەتیی ساڵ دەستنیشان کرد و، تیشکی خستە سەر ئەو کەسایەتییە دیارانەی بواری تەکنەلۆجیای ئەمریکا کە کارەکانیان لەسەر ئەم تەکنەلۆجیا پێشکەوتووە، ژیانی مرۆڤایەتی دەگۆڕێت