رووداو دیجیتاڵ
فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا، ساڵێک دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی وڵاتەکەی، بە بەدەستهێنانی 91%ی دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، وەک سەرۆکی پارتی یەکێتیی کریستیان دیموکرات (CDU) هەڵبژێردرایەوە.
کۆنگرەی پارتی (CDU) لە شاری شتوتگارت لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە مێرتس رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی سستیی گەشەی ئابووری، دابەزینی ئاستی جەماوەری و زیادبوونی دەنگی پارتی (ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا).
مێرتس لە گوتارێکیدا لەبەردەم نزیکەی 1000 نوێنەری پارتەکەیدا، هەوڵیدا متمانە بۆ لایەنگرانی بگەڕێنێتەوە و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەکەی پابەندە بەو بەڵێنە گەورانەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دابووی.
راوێژکاری ئەڵمانیا دانی بەوەدا نا کە پرۆسەی چاکسازی کاتی دەوێ و گوتی: "رەنگە دوای گۆڕینی حکومەت، بەو خێراییە ئەوەمان روون نەکردبێتەوە کە ئەنجامدانی ئەم هەوڵە گەورەیەی چاکسازی، بە شەو و رۆژێک ناکرێ. من ئەو رەخنەیە قبووڵ دەکەم."
یەکێک لە سوپرایزەکانی کۆنگرەکە ئامادەبوونی ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری پێشووتری ئەڵمانیا بوو.
مێرتس کە تەمەنی 70 ساڵە، لەوکاتەوەی بووەتە سەرۆکی پارتەکە، هەوڵی داوە CDU بگەڕێنێتەوە سەر رەگ و ریشە پارێزگارەکەی و پاشەکشە بە هەندێک لە سیاسەتە لیبراڵەکانی مێرکل بکات، بەتایبەت لە پرسی کۆچبەران، بەڵام لە کۆنگرەکەدا هەردوو سەرکردە بە روویەکی خۆشەوە پێشوازییان لە یەکدی کرد.
مێرتس لە ئایاری 2025ـەوە سەرۆکایەتی حکومەتێکی هاوپەیمان دەکات لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکرات (SPD). ئەو کات بەڵێنیدا ئابووری ببووژێنێتەوە، سنوورێک بۆ کۆچی نایاسایی دابنێت و سوپای ئەڵمانیا بەهێز بکات.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، مێرتس وەک سەرکردەیەکی کاریگەر دەرکەوتووە، بەتایبەت لە پرسی پشتگیریکردنی ئۆکراینا و زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکان، هەروەها پاراستنی دیالۆگ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. مێرتس لە کۆنگرەکەدا دووپاتی کردەوە: "ئێمە بێ هیچ ئەملاو ئەولایەک، لەگەڵ گەلی ئۆکراینا دەوەستین."
بەڵام لە ناوخۆی ئەڵمانیا دۆخەکە جیاوازە. گەشەی ئابووریی وڵات تەنیا 1%ـە و بەهۆی پێناسە گومرگییەکانی ئەمریکاوە تووشی ئاستەنگ بووە. خاوەنکارە گەورەکانی ئەڵمانیا داوای چاکسازیی راستەقینە و کەمکردنەوەی باج دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە راپرسییەکان نیشانی دەدەن کە جەماوەریی مێرتس دابەزیوە و تەنانەت لە هەندێک راپرسیدا ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری پێشوو، لەو لەپێشترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ