رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فڵای ئەربیل دەڵێت، سبەی یەکەم گەشتی کوردستان بۆ ئەورووپا دەستپێدەکاتەوە. باسی لەوەشکرد: "ژمارەی گەشتەکانمان بۆ ئەورووپا لە 20ـەوە بۆ 25 گەشت زیاد دەکەین".
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2025، لاوەند مەموندی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سبەی کاژێر 07:00ـی ئێوارە، یەکەم گەشت لە فڵای ئەربیل بۆ ئەورووپا دەستپێدەکاتەوە لە نێوان هەولێر – کۆپنهاگن دەبێت".
بە گوتەی بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فڵای ئەربیل، دوێنێ یەکەم گەشتی تورکیا دەستیپێکردەوە، ئەمڕۆش دوای ئەوەی رەزامەندییان لەلایەن رێکخراوی یاسایی یەکێتیی ئەورووپا وەرگرت، سبەی یەکەم گەشتی راستەوخۆ بۆ دانیمارک و کۆپنهاگن دەستپێدەکاتەوە.
لەبارەی گەشتەکانی دیکەوە لاوەند مەموندی دەڵێت: "لە رۆژی شەممەوە گەشتەکانمان بەپێی خشتە دەبێت بۆ هەموو وڵاتانی ئەورووپا، ئەڵمانیا، دانیمارک، هۆڵەندا و بەریتانیا دەستپێدەکاتەوە".
بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فڵای ئەربیل گوتی: "ئەو گەشتانەی لە ماوەی رابردوو هەڵوەشابوونەوە لە کوردستان و ئەوانەشی گیریانخواردبوو لە ئەورووپا، دەتوانن لە سبەیەوە گەشتەکانی خۆیان بگۆڕن".
پێشتر ژمارەی گەشتەکانی فڵای ئەربیل بۆ ئەورووپا 20 گەشت بوون. لاوەند مەموندی دەڵێت: "لە بەرژەوەندی گەشتیاران و بەهۆی وەستانی گەشتەکانی رابردوو، ژمارەی گەشتەکانمان بۆ 25 گەشت زیادکرد".
گەشتەکان بۆ ئەورووپا پێشتر هەفتانە بەم شێوەیە بوون؛
ئەڵمانیا 14 گەشت
دانیمارک 3 گەشت
هۆڵەندا دوو گەشت
بەریتانیا یەک گەشت
وەکو بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فڵای ئەربیل گوتی، لە دوای زیادکردنەکەوە ئەڵمانیا بووە بە 19 گەشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ