رووداو دیجیتاڵ
بڕیار بوو کاژێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ناڕازی، مامۆستایان و فەرمانبەران لە شاری سلێمانی خۆپێشاندانێک دژی دواکەوتنی مووچە و خراپیی دۆخی دارایی ئەنجام بدەن، بەڵام هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوشاردا بڵاوەیان پێ کرا و رێگرییان لە بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانەکە کرد.
لە چوارچێوەی رێکارە ئەمنییەکاندا، ژمارەیەک سیاسەتڤان، رۆژنامەڤان و چالاکڤانی مەدەنی دەستگیر کران، کە بەشێکیان دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە ئازاد کران.
عومەر گوڵپی، چالاکڤانی مەدەنی و ئەندامی سەرکەوتووی کۆمەڵ بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ چەند کاژێرێک دەستبەسەر کرا و دواتر ئازاد کرا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، براکەی "عوسمان گوڵپی" و، هاوڕێکانی دوو رۆژە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە دەستگیر کراون و بە خانەوادەکەیان گوتراوە تاوەکو رۆژی یەکشەممە چاوەڕوانی ئازادبوونی نەکەن.
عومەر گوڵپی گوتیشی: "تاوانی براکەم و هاوڕێکانی ئەوە بووە کە بەنیاز بوون خۆپێشاندان بکەن."
لەلایەکی دیکەوە، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان و بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست و ژمارەیەک لە سەرکردایەتیی ئەو رەوتە کە پشتگیریی خۆپێشاندانەکەیان دەکرد، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا بوون و دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کران.
عەلی حەمەساڵح لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی، "هەموو ئەوانەی دەستگیرکرابوون، ئازادکراون."
ئەردەڵان فاتیح، لێپرسراوی یاسایی رەوتی هەڵوێست بە رووداوی راگەیاند کە دەستگیرکردنی ئەندامەکانیان "نایاسایی بووە و هیچ بڕیارێکی دادوەر نەبووە." ئاماژەی بەوەش کرد، وەک رەوتی هەڵوێست کۆبوونەوەی ناوخۆیی دەکەن و تاوتوێی ئەوە دەکەن کە ئایا سکاڵای یاسایی لەسەر هێزە ئەمنییەکان تۆماربکەن یان نا.
سەرەڕای ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران جەخت دەکەنەوە کە مەبەستی خۆپێشاندانەکە تەنیا داواکاری بووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی دارایی و مووچە.
ئاسایشی هەرێم لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، "ئەو رێکارانەی گیراونەتەبەر، بۆ هەڵوەشاندنەوەی پلانێک بووە کە بۆ تێکدانی ئارامیی شاری سلێمانی داڕێژرابوو." هەروەها داوای لێبووردنی لەوانە کردبوو کە دەستگیری کردوون و گوتبووی، "بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان و خۆپێشاندەران بوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ