رووداو دیجیتاڵ
لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا سەنتەری تایبەت بە شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی هۆشبەر کراوەتەوە، بەگوێرەی ئاماری چاکسازییەکان، ئەم ساڵ 264 سزادراو شیاندنەوەیان بۆ کراوە و لە مادەکە پاکبوونەتەوە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 5 هەزار و 710 حوکمدراو، هەزار و 564 کەسیان بەهۆی هۆشبەرەوە حوکمدراون".
ئەوانەی حوکمدراون 911 کەسیان بازرگان بوون و 653 کەسیان بەهۆی بەکارهێنانەوە سزادراون.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێت: "لە شەش چاکسازیی هەرێمی کوردستان سەنتەری شیاندنەوەمان کردووەتەوە، ئامانجمان ئەوەیە هەموو ئەو کەسانەی بە تاوانی هۆشبەر حوکمدراون چاکبکرێنەوە و لە مادەکە پاکببنەوە".
لە شیاندنەوەی ئالوودەبووانی هۆشبەردا کەسەکان دەبرێنە سەنتەرەکان و چوار مانگ کاریان لەسەر دەکرێت؛ سیمینار و چارەسەری سرووشتییان پێشکێش دەکرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ 765 سزادراو شیاندنەوەیان بۆ کراوە، لەو ژمارەیە 501 سزادراویان پار و 264یان ئەم ساڵ شیاندنەوەیان بۆ کراوە.
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان ئاماژەی بەوە کرد، سەنتەرەکان فۆرمی چاوپێکەوتنی تایبەت بەکاردەهێنن بۆ هەڵسەنگاندنی سەرەتایی هەر بەکارهێنەر و ئالودەبوویەکی مادەی هۆشبەر بۆ ئەوەی بخرێتە نێو پڕۆگرامی چارەسەری و شیاندنەوەوە.
هەموو ئەو کەسانەی بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە حوکمدراون، مافیان هەیە لە پڕۆگرامی سەنتەرەکاندا بەشداری بکەن.
جگە لەوانەی لە چاکسازییەکان حوکمدراون، سەتان تۆمەتباری هۆشبەر لە زیندانەکانی ئاسایشدا تاوەکو یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان راگیراون.
هەر ئەمڕۆ، سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ 520 کەس بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکراو کە 243ـیان بەکارهێنەر بوون.
لە هەرێمی کوردستان شەش چاکسازیی هەن؛ دوو لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە دهۆکن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ