رووداو دیجیتاڵ
عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست و دوو لە بەرپرسانی باڵای رەوتەکە، لە شاری سلێمانی دەستگیرکران.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "عەلی حەمەساڵح، د. رێبوار کەریم و د. غالب محەممەد لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستگیرکران".
ئەوە لەکاتێکدایە، بڕیاربوو ئەمڕۆ لە سلێمانی خۆپێشاندانێک دژی نەناردنی مووچە بەڕێوەبچێت و لیژنەی ئەمنی سلێمانیش رایگەیاندووە، "کاتەکە بۆ خۆپێشاندان گونجاو نییە".
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، لە شەوی سێشەممەوە ژمارەیەک لە رێکخەرانی ئەو خۆپێشاندانەی بڕیاربوو ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت دەستبەسەرکراون، لەنێویاندا ژمارەیەک ئەندامی رەوتی هەڵوێست و مامۆستایانی ناڕازی هەن.
عومەر گوڵپی، کە برایەکی بەناوی عوسمان گوڵپی وەکو مامۆستای ناڕازی دەستبەسەر کراوە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوو شەوە 11 کەسن لە زینداندان و تاوەکو ئێستا ئازاد نەکراون".
عومەر گوڵپی کە یەکێکە لە دەرچووانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: "هەموویان بە تۆمەتی ئەوە دەستگیرکراون کە نیازی خۆپێشاندانیان هەبووە، هیچ کەسێک لە جیهاندا لەسەر نیاز دەستگیر ناکرێت و ئەوەی کراوە پێچەوانەی یاسای خۆپێشاندانیشە".
تاوەکو ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هیچ روونکردنەوەیەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ