رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی بەدواداچوونی رووداو، زۆرینەی حیزبەکان سەرۆک لیستەکانیان دیاریکردووە و لیستی ناوەکانیان ئاراستەی کۆمیسیۆن کردووە. بەشێکی سەرۆک لیستەکان ئێستا یان پێشتر پەرلەمانتاری حیزبەکانیان بوون لە پەرلەمانی عێراق.
بڕیارە 11-11ـی ئەم ساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و ئەمڕۆش دوایین رۆژی وەرگرتنی ناوی بەربژێرانی لیستەکانە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی پێنجشەممە بە رووداوی گوت: "ئەمڕۆ وادەکە کۆتایی دێت و درێژ ناکرێتەوە."
سەرۆک لیستەکانی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن
یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان سەرۆکی لیستەکانی دیاریکردووە. بەرپرسێکی باڵای حیزبەکە، پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیستەکەمان دەبێت لە پارێزگای هەولێر".
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، د. رێکەوت حەمەڕەشید، سەرۆکی لیستی یەکێتی دەبێت لە سلێمانی، رێبوار تەها، سەرۆکی لیستە لە کەرکووک و ئیمان عەبدولڕەزاق، سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە دەبێت لە دهۆک.
پارتی: شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەشواق جاف، رێبوار هادی و فەرهاد ئەترووشی سەرۆک لیستن
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری ئێستای سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت بۆ پارێزگای کەرکووک و د. ئەشواق جاف، سەرۆکی لیستی حیزبەکە دەبێت بۆ پارێزگای سلێمانی و د. فەرهاد ئەترووشی، پارێزگاری پێشووی دهۆک سەرۆکی لیستەکە دەبێت لەو پارێزگایە. لە پارێزگای هەولێریش، رێبوار هادی سەرۆکی لیستی پارتییە.
سەرۆک لیستەکانی هەڵوێست، نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتوو
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، عەلی حەمەساڵح سەرۆکی لیستی هەڵوێستە لە هەولێر؛ لە دهۆک بەدەل بەرواری سەرۆک لیستە و لە سلێمانیش غالب محەممەد سەرۆک لیستی رەوتەکەیە.
بەرپرسێکی باڵا لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئوسامە جەمیل، دەبێتە سەرۆکی لیستەکەمان لە بازنەی هەولێر، د. موسەننا ئەمین لە سلێمانی و جەمال کۆچەر لە دهۆک سەرۆکی لیست دەبن".
هەروەها بەگوێرەی میدیای نەوەی نوێ، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو سروە عەبدولواحید، سەرۆکی لیستەکەیان دەبێت لە پارێزگای سلێمانی، کاوە عەبدولقادر، سەرۆکی لیست دەبێت لە بازنەی هەولێر، هەروەها سلێمان مووسا، سەرۆکی لیستەکە دەبێت لە دهۆک.
نەوەی نوێ لە پارێزگاکانی دیکەش سەرۆک لیستی یەکلا کردووەتەوە، ئومێد محەممەد، سەرۆکی لیست دەبێت لە پارێزگای کەرکووک، هەروەها ئیسماعیل خەسرەو، سەرۆکی لیست لە موسڵ و شوان جەلال، سەرۆکی لیستی جووڵانەوەکە دەبێت لە دیالە.
هەروەها ئەمڕۆ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ناوی سەرۆک لیستەکانی بۆ هەڵبژاردن دیاریکرد.
د. بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "محەممەد حەکیم، سەرۆکی لیست دەبێت لە سلێمانی، شوان رابەر، سەرۆک لیستە لە هەولێر و لە دهۆکیش وەلید قادر مستەفا سەرۆکی لیستەکەمانە".
وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، لە 25ـی مانگی ئایار دەستیپێکرد و بڕیارە ئەمڕۆ کۆتا رۆژ بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ