رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیێنێت، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا دەستیان بەسەر 11 چەک و 7 ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و 150 لەزگە و پەردەی رەشدا گرتووە و دەشڵێت، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتن و لێپێچینەوەی یاسایی بەردەوام دەبێت.
رۆژی دووشەممە 26-07-2021 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەژێر رۆشنایی بڕیارەكانی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و بەسەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ماوەی دوو رۆژی هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتاو چەكی بێمۆڵەت، هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی سلێمانی توانیان دەستبەسەر ژمارەیەك چەك و ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا بگرن."
پۆلیسی سلێمانی وێنەی ئەو چەک و ئۆتۆمبێلانەی بڵاوکردووەتەوە کە دەستیان بەسەرداگرتوون و دەڵێت، "11 چەک [ 2 کڵاشینکۆڤ و 9 دەمانچە] لەگەڵ 7 ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و 150 لەزگە و پەردەی رەش دەستیان بەسەرداگیراوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕێك دەرمانی رێگەپێنەدراو و هەندێك سەرپێچی دیکەی هاتووچۆش تۆمارکراون.
وەک پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی پێداوە، هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتاو چەكی بێمۆڵەت و لێپێچینەوەی یاسایی لەو شۆفێرانەی كە لەزگە و پەردەی جام رەش بەكاردەهێنن بەردەوام دەبێت.
رۆژی یەکشەممە، بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ژمارە رەش لە سلێمانی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. هاوکات ئەو ئۆتۆمبێلانەی جامەکانیان رەشە یان پەردەیان هەڵواسیوە، بە پێبژاردن سزادەدرێن.
بڕیارەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە هاوبەشی جێبەجێدەکرێت. ئەوەش دوای ئەوەی لە 18ـی ئەم مانگە بە بڕیاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێل و چەکی بێمۆڵەت درا.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی جامەکانیان رەشکردووە، بەپێی بڕیاری وەزارەتی نێوخۆ، ملیۆنێک دینار سزادەدرێت. هاوکات، جامە رەشەکەیشی لێدەکرێتەوە و بەڵێننامەیشیان پێ پڕدەکرێتەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلە بەکارنەهێننەوە.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ