رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کورستان رەزامەندی دەربڕی لەسەر دامەزراندنی 130 کەس بۆ کەرتی تەندروستی هەڵەبجە، بەڕێوەبەری تەندروستی ئەو پارێزگایە دەڵێت، نەخۆشخانەی بیارە کە نۆ ساڵە تەواو کراوە، دەکرێتەوە و بەشی فریاکەوتن و نەشتەرگەریشی تێدا دەبێت.
دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە 26-7-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای بڕیاری دامەزراندنی 130 کارمەند بۆ تەندروستیی هەڵەبجە، بڕیارماندا نەخۆشخانەی بیارە بکەینەوە و بیخەینە خزمەتی هاونیشتمانییانی ناوچەکە و ئەو گەشتیارانەشی سەردانی هەورامان دەکەن."
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە دەڵێت، نەخۆشخانەکە ساڵی 2014 تەواوکرا و "دیاری هەڤاڵ مام جەلال بووە بۆ هەڵەبجە و هەورامان"؛ گوتیشی، "بە هۆکاری نەبوونی ئامێری پزیشکی و نەبوونی کارمەندی تەندروستی، نۆ ساڵە نەخۆشخانەکە تەواو بووە و نەکراوەتەوە."
نەخۆشخانەکە بە 3 ملیار و 350 ملیۆن دینار دروستکراوە. دکتۆر ئازاد مستەفا گوتی، لەسەر بودجەی پارێزگای هەڵەبجە بە بەهای 600 ملیۆن دینار کەرەستەی پزیشکی بۆ کڕدراوە و لەو 130 کەسەیشی بڕیاری دامەزراندنیان دراوە بە گوێرەی پێویست بەشێکیان لەوێ دەستبەکار دەکەن.
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەکە بۆ بیارە پێویستە، چونکە تاوەکو ئێستا تەنیا بنکەیەکی "بچووک"ی تەندروستی تێدایە؛ گوتیشی، "دەستمان بەکارکردن کردووە بۆ کردنەوەی؛ پلانمان وایە بەشی فریاکەوتن و نەشتەرگەریش لە نەخۆشخانەکە بکەینەوە و بیخەینە خزمەتی هاونیشتمانییانی بیارە و ئەو گەشتیارانەشی سەردانی دەڤەری هەورامان دەکەن."
رۆژی دووشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، "بە مەبەستی گرنگیدان بە سێکتەری تەندروستی و لەپێناو سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 100 کەس وەکو فەرمانبەری گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە و 30 کەس وەکو فەرمانبەری گرێبەست لە نەخۆشخانەی بیارەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە دادەمەزرێندرێن."
بیارە یەکێکە لە شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی هەبوونی ناوچە گەشتیارییەکانی هەورامانەوە ساڵانە سەتان هەزار گەشتیار سەردانی ناوچەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ