لە مێردین یەکەمین دانیشتنی دادگە بۆ دادگاییکردنی بکوژانی دوو خێزانەکەی دهۆک بەڕێوەدەچێت

26-07-2023
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سبەی پێنجشەممە یەکەمین دانیشتنی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی رووداوی کوشتنی پێنج ئەندامی دوو خێزانی دهۆک لە دادگەی مێردینی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
پێنج تۆمەتبار دەستگیرکراون کە هەموویان هاونیشتمانیی باکووری کوردستانن، بەڵام دوای شەش مانگ تێپەڕبوون بەسەر رووداوەکە، سبەی کاژێر 9:30ی بەیانی، یەکەمین دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەکە لە دادگەی مێردینی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. 
 
هەریەک لە عەبدوڵڵا کاپڵان و فارس ئاکسەڤەن تۆمەتباری سەرەکین، ئیبراهیم دۆغان و مرات یغیت و چیغدەم بوزکورد هاوکارییان کردوون، یەکێکیان چەکی ئامادەکردووە، یەکێکیان چەکەکەی شاردووەتەوە. ئەوەی دیکەش ئۆتۆمبێلی بە دوو تۆمەتبارە سەرەکییەکە داوە. 
 
حەربی جەلالەدین، برای یەکێک لە کوژراوەکان بە ناوی هەردوو خێزانەکەوە بە رووداوی گوت، "سبەی بەشداریی دانیشتنی دادگاییکردنە دەکەین و داواکارین دادگەی مێردین مافی خێزانەکانمان وەربگرێتەوە و سزای تووندی تۆمەتباران بدات." 
 
حەربی داوایکرد، دادگە راستیی رووداوەکە بۆ خەڵک ئاشکرا بکات، "چونکە تاوەکو ئێستا ئێمە و خەڵکیش نازانین هۆکاری ئەنجامدانی ئەو تاوانە چییە". گوتیشی، "بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەزانین لەگەڵ حکومەتی تورکیا هاوئاهەنگی هەبێت و نوێنەریان هەبێت لە دانیشتنەکانی دادگە، بۆ ئەوەی ئاگاداری رێرەوی دادگاییکردنەکەبن."
 
بە گوتەی حەربی جەلالەدین، جگە لەو پێنج تۆمەتبارە، ئەوان گومانیان لە سێ کەسی دیکەش هەبوو کە خزمی تۆمەتباری سەرەکی بوون، خەڵکی باکووری کوردستان و نیشتەجێی دهۆک بوون، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە دەستگیرکران، دوای ماوەیەک بەهۆی دەستنەکەوتنی بەڵگەی پێویستەوە ئازادکران، بەڵام داوایان کردووە دادگەی مێردین بۆ لێکۆڵینەوە داوای ئەوانیش بکات.
 
رۆژی پێنجشەممە، 19-01-2023، پێنج ئەندامی دوو خێزانی دانیشتووی شاری دهۆک بۆ چارەسەری پزیشکی چووبوونە باکووری کوردستان، لەسەر رێگەی سەرەکی نسێبین - مێردین، دوو چەکدار ئۆتۆمبێلەکەیان رادەگرن و بە دەمانچە چوار کەسیان دەکوژن و کەسی پێنجەمیشیان بەسەختی بریندار کرد، دوای رۆژێک مانەوەی لە نەخۆشخانە، ئەویش گیانی لەدەستدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.