رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نووسراوی فەرمی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەنێرن بۆ ئەوەی مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست دابمەزرێندرێن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-07-2023، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە دووەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ پەروەردە و فێرکردن بە بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەماوەی چوار ساڵی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، هەوڵی زۆر دراوە و زۆربەی ئەجێندای کاری وەزارەتی پەروەردەش جێبەجێکراوە.
ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوە کرد، لەو ماوەیەدا پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندندا کراوە و ئەم پڕۆسەیەش بەردەوامە. گوتیشی، ''کتێبەکانی ئێمە لە ساڵی 2005ـەوە پێداچوونەوەیان پێدا نەکرابوو، کە ئێمە پێداچوونەوەمان بۆ کردوون و بەپێی ستانداردە باوەکان دەستمان کردووە بە گۆڕینی دیزاین، ناوەڕۆک و گۆڕینی وێنەی کتێبەکان.''
یەکێک لە ئەجێندای کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی هەڵمەتێکی باشتر بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، دروستکردنی ژووری نوێ بۆ خوێندن، دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و تەواوکردنی بەشێک لە قوتابخانە تەواونەکراوەکان بوو. وەزیری پەروەردە لەوبارەوە رایگەیاند، سەرەڕای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و سنوورداریی توانا داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 82 قوتابخانە چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەک ئالان حەمەسەعید ئاماژەی پێدا، رۆژی شەممەی داهاتوو، لە هەولێر قوتابخانەیەکی نوێ دەکرێتەوە و هەروەها لە هەفتەی داهاتووش بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی قوتابخانەکان، سەردانی زاخۆش دەکات.
بەگوتەی ئالان حەمەسەعید، لە ماوەی چوار ساڵی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتدا، هەزار و 503 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و 450 ژووری خوێندنیش دروستکراون، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانیش دەستی بە دروستکردنی 127 ژووری دیکەی خوێندن کردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست رووداو کەوتوون، ساڵی خوێندنی 2022-2023، یەک ملیۆن و 885 هەزار قوتابی بەشداریی خوێندن بوون و بۆ ئەو مەبەستەش 16 ملیۆن کتێب چاپکراون، کە تێچووەکەیان 17 ملیار دینار بوو.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەر لە کابینەی نۆیەمی حکومەت، 139 قوتابخانەی سێ دەوامی هەبوون، ''بەڵام ئێستا 60 قوتابخانە سێ دەوامین و تاوەکو مانگی ئەیلوول تەنیا 10 قوتابخانەی سێ دەوامی دەمێننەوە، واتە لە 139ـەوە دەگەین بە 10 قوتابخانەی سێ دەوامی''.
هەندێک قوتابخانە قەرەباڵخییەکی زۆریان پێوە دیارە و بەراورد بە قوتابخانەکانی دیکە ژمارەی قوتابیانیان زیاترە، ئالان حەمە سەعید هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی ''داواکاری لەسەر ئەم قوتابخانانە زۆرترە و بەشێکی قەرەباڵخییەکەش پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لەو گەڕەکە زەوی بۆ دروستکردنی قوتابخانە نەماوە یان حکومەت توانای دارایی دروستکردنی قوتابخانەی نەبووە''.
وەزارەتی پەروەردە لە پلانی خۆیدا، ئاستی خوێندن بۆ سەرجەم قوتابخانەکان لە ''داهاتوویەکی نزیک''ـدا رادەگەیێنێت و دابەش دەکرێن بەسەر ئاستی یەک، دوو، سێ و چوار. ئالان حەمەسەعید گوتی، "25 ستاندارد بۆ مامۆستایان، 20 ستاندارد بۆ قوتابخانەکان و شەش ئاستیش بۆ هەڵسەنگاندنی مامۆستایان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن دیاری دەکرێت."
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن، پڕۆژەیەکی بە مەبەستی راهێنانی مامۆستایان ئامادە کردووە کە بۆ ماوەی حەوت ساڵە و کار لەسەر مێتۆدەکانی وانەگوتنەوەی مامۆستایان دەکات.
ساڵی رابردوو زۆربەی ئەوانەی کۆلێژیان تەواو کردبوو، وەکو مامۆستایانی وانەبێژ دەستنیشانکران؛ ئالان حەمەسەعید لەوبارەوە گوتی، ئەگەر ئەمساڵیش پێویست بکات، دەرچووانی کۆلێژ وەکو وانەبێژ دادەندرێنەوە، بەڵام ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ وەرگرتنی مامۆستای وانەبێژ لە ئارادا نییە. گوتیشی، ''نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران دەنێرین بۆ ئەوەی داوای بەگرێبەستبوونیان بۆ بکرێت و هەوڵدەدەین مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست.''
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، هەر کات لە شوێنێک بۆشایی مامۆستا هەبوو، کەسێک بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییەوە وەکو وانەبێژ وەردەگیرێت و گوتی، ''رێگە نادەین تا ئەو کاتەی ساڵی خوێندن تەواو دەبێت، هیچ پۆلێکی قوتابییان بێ مامۆستا بمێننەوە.''
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 33 هەزار وانەبێژ هەن؛ 11 هەزاریان لە پارێزگای هەولێر، 10 هەزار لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و 12 هەزاریش لە سنووری پارێزگای دهۆکن. بەگشتی کەمترین مووچەی مانگانەی مامۆستایانی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار دینارە، بەڵام مووچەکانیان بەگوێرەی بڕوانامەکانیش دەگۆڕێت.
ئالان حەمەسەعید گوتی، لەو کابینەیەدا پێنج هەزار و 88 مامۆستای گرێبەست کراون بە هەمیشەیی و دامەزراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ