رووداو دیجیتاڵ
دوای دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران، دەروازە نێودەوڵەتیی باشماخیش رایگەیاند، لەسەر داوای ئێران گەشتیاران ناتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان بچنە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. گوتەبێژی دەروازەی پەروێزخانیش دەڵێت، دوای ماوەیەکی کەم لە راگرتنی گەشتی ئۆتۆمبێلی تایبەت، دەستوەردانیان کردووە و دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.
دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردوە، "تاوەکو 30ـی تەممووز، گەشتیاران لە هەرێمی کوردستانەوە ناتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشتی ئێران بکەن، بەهۆی ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە کاروبارەکانی بیمە و کاروبارە یاساییەکان کێشەی تێدایە."
لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش بە هەمان هۆکار رێگە نادرێت هاونیشتمانییان بە ئۆتۆمبێلی تایبەت لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتی ئێران بکەن. سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کێشەکە لە دیوی ئێرانەوەیە و گرفتی تەکنیکی لە بیمەدا هەیە؛ لە دیوی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکمان نییە و ئەوەی هەیە لەسەر داوای بەرپرسانی ئێرانییە."
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوەشکرد، هاونیشتمانییانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتییانی ئێران دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشتی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن و لە هەردوو دیوی دەروازەکەوە رێگە کراوەیە بۆیان.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەسەر داوای ئێران هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە دەروازەکەمانەوە بۆ ئەو وڵاتە راگیرا، بەڵام دوای ئەوەی دەستوەردانمان کرد، رێگەکە کرایەوە و ئێستا هەر گەشتیارێک بیەوێت دەتوانێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی لە دەروازەکەی ئێمەوە گەشتی ئێران بکات."
بە گوتەی بەرپرسانی هەردوو دەروازەی باشماخ و حاجی ئۆمەران، هاتووچۆ بێ ئۆتۆمبێل بەشێوەی 24 کاژیریی بێ کێشە بەردەوامە.
جگە لە دەروازە لاوەکی و نافەرمییەکان، هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی نێودەوڵەتیی فەرمی لەگەڵ ئێراندا هەیە، حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، باشماخ و پەروێزخان لە پارێزگای سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ