٪90ـی بەدیجیتاڵیکردنی پسووڵەی خۆراکی دهۆک تەواو بووە و لە سلێمانی دەستی پێنەکراوە

26-07-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی دهۆک رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا 90٪ـی بەدیجیتاڵیکردنی پسووڵەی خۆراکی پارێزگاکە تەواو بووە و نزیکەی 28 هەزار خێزان ماوە ناویان تۆمار بکەن. لە پارێزگای هەولێریش مانگی داهاتوو پڕۆسەی بەدیجیتاڵیکردنی پسووڵەی خۆراک دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراكی سلێمانیش دەڵێت، دەست بە پڕۆسەکە نەکراوە.
 
دوای ئەوەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری بەدیجیتاڵکردنی پسووڵەی خۆراکی دا، نەجەف وەک یەکەم پارێزگای عێراق و دهۆک وەک یەکەم پارێزگای هەرێمی کوردستان دەستی بە پڕۆسەکە کرد.
 
لە پارێزگای دهۆک 281 هەزار خێزان پسووڵەی خۆراکیان هەیە
 
رۆژی 26- 07- 2023 حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو 28 هەزار خێزانەی ماون تاوەکو کۆتایی ئەم مانگەیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی سەردانی بنکەکان بکەن و ناویان تۆماربکەن، "ئەگەرنا بەشەخۆراکی مانگانەیان دەفەوتێت."
 
بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی پسووڵەی خۆراکی هەر پارێزگایەک، عێراق دوو مانگی دیاریکردووە. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی دهۆک دەڵێت، بڕیار بووە 20ـی ئەم مانگە هەموو کارەکان تەواو بکەن، بەڵام بەشێک لە هاونیشتمانییان تائێستا ناویان تۆمارنەکردووە؛ بۆیە داوای 10 رۆژی دیکەیان لە بەغدا کردووە و ئەوانیش ئەو وادەیان بۆ درێژکردوونەتەوە بۆ ئەوەی هەمووان ناویان تۆماربکەن. 
 
جگە لە ئاوارەکان، لە پارێزگای دهۆک 281 هەزار خێزان پسووڵەی خۆراکیان هەیە؛ لەو ژمارەیە نزیکەی 250 هەزار خێزان پسووڵەی خۆراکی ئەلیکترۆنییان بۆ کراوە.
 
بە گوتەی حوسێن سەبری، بابەتی ناوتۆمارکردن بۆ بە دیجیتاڵکردنی پسووڵەی خۆراک تەنیا بۆ بەشەخۆراکی مانگانە نییە، بەڵکو بۆ سەرژمێری، دەنگدان و بودجەی گشتی سوودی دەبێت؛ بۆیە دەیانەوێت هاونیشتمانییان بۆ تۆمارکردنی ناویان سەردانی بنکەکان بکەن، دەشڵێت، "نزیکەی 1٪ بۆ 2٪ـی ئەو کەسانەی پسووڵەی خۆراکیان هەیە، مردوون یان لە دەرەوەی وڵاتن و هەموو ئەوانە پاکتاوکراون و ناویان دەرهێنراوە."
 
بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، دوای بە دیجیتاڵکردنی پسووڵەی خۆراک، هاونیشتمانییان دەتوانن لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە بزانن بەشەخۆراکی مانگانەیان چییە و چییان بۆ هاتووە یان ئەگەر هاوژینی کرا ناوی خۆیان بە ئەلیکترۆنی زیادبکەن.
 
488 هەزار و 789 خێزان لە هەولێر پسووڵەی خۆراکیان هەیە

 

سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا پسووڵەی خۆراکی دیجیتاڵی هەولێر چاپنەکراوە، بۆ ئەوەش رۆژانە لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵن. "سەرەتای مانگی داهاتوو پسووڵەی خۆراک بە شێوەی دیجیتاڵ چاپ دەکرێت و بۆمان دەنێردرێت."
 
488 هەزار و 789 خێزان لە هەولێر پسووڵەی خۆراکیان هەیە. بە گوتەی بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی هەولێر، دوای پارێزگای دهۆک لە پارێزگای هەولێر دەست بە پڕۆسەی دیجیتاڵکردنی پسووڵەی خۆراک دەکرێت و بۆ ئەوەش لیژنە پێکدەهێنرێت بۆ ئەوەی لە بنکەکان ناوی هاونیشتمانییان ئەپدەیت بکرێتەوە. 
 
لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 538 هەزار خێزان پسووڵەی خۆراکیان هەیە
 
یاسین مەحموود، بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراكی سلێمانی لەبارەی دەستپێکردنی بە دیجیتاڵکردنی پسووڵەی خۆراکی سلێمانی بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ نەکراوە و سیستمەکە لای ئێمە چالاک نەبووە؛ چاوەڕێی تیمی بەغدا دەکەین، چونکە بۆ هەر پارێزگایەک بەڕێوەبەرێکی گشتییان داناوە. ئێمەش چاوەڕێین بۆ ئەوەی بێن و سیستمەکە چالاک بکەن و راهێنان بە فەرمانبەرەکان بکەن."
 
لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین، 538 هەزار و 389 خێزان پسووڵەی خۆراکیان هەیە.

 

بە گوتەی بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی سلێمانی، ئەوان رۆژانە کاروباری هاووڵاتییان رادەپەڕێنن و ناوی ئەو کەسانەی مردوون یان لە دەرەوەی وڵاتن لە پسووڵەی خۆراک دەردەهێنن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.