رێگەوبانی هەولێر: کارکردن لە دووسایدی کۆیە - هەولێر گەیشتووەتە 20 کیلۆمەتر

26-07-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – کۆیە بەردەوامە. سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دەڵێت، کارەکانیان بە چڕی بەڕێوەدەچن و هیچ بەربەستێک بۆیان دروستنەبووە.
 
محەممەد خالید، بەڕێوەبەری پڕۆژەی رێگەی هەولێر – کۆیە لە بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "درێژیی رێگەکە 36.8 کیلۆمەترە. کارکردنمان گەیشتووەتە 20 کیلۆمەتر و رۆژانە 10 کاژێر کاری تێدا دەکەین."
 
بە سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی کار لە رێگەی هەولێر و کۆیەدا دەکەن، ژمارەی کارمەند و کرێکارەکانیان دەگاتە 1500 کەس.
 
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە دەڵێت، "کارکردنیان لە قۆناخی خۆڵ و رێککاریدایە و تاوەکو ئەمڕۆ نەگەیشتوون بە قیرکردن، بەڵام کارکردن لە رێگەی زیاتر لە 300 ئامێرەوە لە پڕۆژەکەدا بێ بەربەست بەڕێوەدەچێت."
 
تەنیا ئاستەنگیی بەردەم خێراترکردنی دووسایدکردنی رێگەی هەولێر و کۆیە سەختیی ناوچەکەیە. محەممەد خالید باس لەوە دەکات، "شوێن هەیە دەبێت بە قووڵایی 30 مەتر پڕی بکەینەوە و ئامادەی بکەین بۆ قیرکردن."
 
بەڕێوەبەری پڕۆژەکە گوتی، "کاری بڕین و پڕکردنەوە لە رێگەکەدا تاوەکو ئەمڕۆ یەک ملیۆن مەتر سێجای تێپەڕاندووە."
 
رێگاکە پێش قیرتاوکردن چەند چینێکی دەوێت؛ لە بەشێکیدا چینی تێکەڵەکردن دەستیپێکردووە و بڕیارە لە داهاتوودا چینی بەردی شکاویش دەستپێبکات.
 
رۆژی 10-10-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەکەی دانا و رایگەیاند، "شۆڕشی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری" دەگەیێننە هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی.
 
بودجەی سەرەکی پڕۆژەکە 560 ملیار دینارە و بۆ تەواوبوونی 1275 رۆژ دیاریکراوە.
 
پڕۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە ساڵی 2011 بە گوژمەی 461 ملیار دینار دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام تەنیا 100 ملیار دیناری بۆ خەرج کرا و دواتر راگیرا.
 
رێگەی کۆیە - هەولێر یەکێک لە رێگە قەرەباڵخەکانی هەرێمی کوردستانە و بەگوێرەی راگەیێندراوێکی پێشووی پارێزگای هەولێر، دوای دووسایدکردنی رێگەکە ماوەکەی لە کاژێرێکەوە بۆ کەمتر لە 30 خولەک کەم دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.