رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چیدیکە ناونووسین بۆ رێوڕەسمەکانی حەج بە شێوەی فۆرمی کاخەز نابێت و دەبێتە ئەلیکترۆنی.
شێخ نیاز نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 26ی تەممووز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارکردن بۆ پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردنی ناونووسین بۆ حەج دەستپێکردووە و چی دیکە پڕکردنەوەی فۆرمی کاخەزی نامێنێت."
هەر ئەمڕۆ نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مەبەستی سەرەکی بەدیجیتاڵیکردنەکە ناونووسینی ھاونیشتمانییانە بۆ حەج بە سوودوەرگرتن لە تەکنۆلۆژیا وەک زۆر بابەتی دیکە؛ لەمەودوا ناونووسین بۆ حەج لە رێگەی ئەپێکەوە دەبێت."
هەروەها لەو بارەیەوە هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لە فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، "پڕۆسەی ناونووسین بۆ حەج لە سەرەتای مانگی داهاتوو تەواو دەبێتە دیجیتاڵی لەسەر بنەمای پێناسی دیجیتاڵی کە دادپەروەری و ئاسانکاری بۆ خەڵک دەستەبەر دەکات."
پێشتر ناونووسین بۆ حەج لە رێگەی فۆرمەوە دەکرا و هەر کەسێک فۆرمەکەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف وەردەگرت و دوای پڕکردنەوە دەیگەڕاندەوە شوێنی خۆی.
رۆژی 25-09-2024، تیروپشک بۆ ئەو ناوانە کرا کە ساڵی 2017 و 2023 ناوی خۆیان تۆمار کردبوو بۆ چوونە حەجی ساڵی 2025 و لەو ژمارەیە کە زیاتر بوون لە 120 هەزار هاونیشتمانی، 5 هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ