رووداو دیجیتاڵ
چەندین کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ خەڵکی غەززە لە هەرێمی کوردستان راگەیێندراون. سەرپەرشتیاری رێکخراوێکی خێرخوازی دەڵێت، لە رێگەی بانک و بە حەواڵە پارە بۆ خەڵکی غەززە دەنێرن. لێکۆڵینەڤانێکی ئایینیش "گومان" دەخاتە سەر گەیاندنی هاوکارییەکان و رەتیدەکاتەوە بانکەکان لە غەززە کراوە بن.
رۆژی شەممە 26-07-2025 حوسێن نەجمەدین رەسووڵ، سەرپەرشتیاری رێکخراوی رابیتەی مرۆیی لە کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی گەیاندنی هاوکارییەکان بە غەززە رایگەیاند، هەر لە سەرەتای جەنگەوەکەوە دەستیان بە کۆکردنەوەی هاوکاریی نەختی بۆ خەڵکی غەززە کردووە.
ئێستا رێکخراوەکە کەمپەینێکی بۆ یارمەتیدانی زیاتری خەڵکی غەززە راگەیاندووە. حوسێن نەجمەدین رەسووڵ گوتی، "تاوەکو ئێستا تەنیا بە پارە هاوکاریی غەززەمان کردووە، چونکە ناتوانین کەلوپەل بگەیێنینە دەستیان."
بە گوتەی سەرپەرشتیاری رێکخراوی رابیتەی مرۆیی لە کوردستان، تاوەکو ئێستا 22 جار هاوکارییان ناردووەتە غەززە، "لێرە هەر پارەمان وەرگرتووە و هەر پارەشمان بۆ لێقەوماوان ناردووە."
"بە حەواڵە و لە رێگەی بانکەکانەوە پارە دەنێرینە غەززە"
حوسێن نەجمەدین رەسووڵ دڵنیایی دەداتە خێرخوازان کە هاوکارییەکان دەگەنە شوێنی مەبەست و دەڵێت، "بێگومان هەموو ئەو هاوکارییانەی کە لە رێگەی رێکخراوی ئێمەوە وەرگیراوە، گەیشتوونەتە جێ و ئامانجی خۆیان پێکاوە."
سەرپەرشتیاری رێکخراوی رابیتەی مرۆیی لە کوردستان لەبارەی چۆنێتیی گەیاندنی پارە بە لێقەومانی غەززە گوتی، "هەر پارەیەک کە کۆدەکرێتەوە، لە رێگەی بانک، بە حەواڵە، جزدانە ئەلیکترۆنییەکان و ئەو بازرگانە فەلەستینییانەی کە لە دەرەوە و نێوخۆی غەززە کار دەکەن، دەگەیێندرێتە جێ."
لە بەشێکی غەززە بەهۆی جەنگ و بۆردوومانەکانەوە بانکەکان داخراون. حوسێن نەجمەدین رەسووڵ گوتی، "لەو شوێنانەی بانکەکان داخراون، لە رێگەی جزدانە ئەلیکترۆنییەکانەوە هاوکارییەکان دەنێردرێن."
سەرپەرشتیاری رێکخراوی رابیتەی مرۆیی لە کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، لایەنی وەرگری هاوکارییە نەختینەییەکانیان لە غەززە، "ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانەن کە لەوێ نوێنەرایەتیی ئێمە دەکەن و هاوئاهەنگیمان لەگەڵیان هەیە."
جگە لە کوژران بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی ئیسرائیل، بەشێک لە خەڵکی غەززە بەهۆی برسێتی، دەستنەکەوتنی خواردن و لە نۆرەی وەرگرتنی ناندا گیان لەدەستدەدەن. حوسێن نەجمەدین رەسووڵ ئاماژەی بەوە کرد، "لە کاتێکدا سنوورەکان داخراون، لە رێگەی ئوردنەوە رۆژانە تەنیا چەند بارهەڵگرێک خواردەمەنی دەچێتە نێو غەززە، هەروەها لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە لەکاتی کردنەوەی چەند رۆژەی سنوورەکاندا، هەندێک خۆراکی پێویست کۆگە کرابوون کە ئێستا بە شێوەیەکی کەم دەخرێنە بازاڕەوە، بەڵام لە ئاستی چاوەڕانیدا نییە."
سەرپەرشتیاری رێکخراوی رابیتەی مرۆیی لە کوردستان باس لە بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی رۆژانە لە غەززە دەکات و دەڵێت، "نرخی کیلۆیەک تەماتە 15 دۆلار، کیلۆیەک کوولەکە 10 دۆلار و کیلۆیەک ئارد گەیشتووەتە 32 دۆلار، هەروەها ئێستا نرخی یەک نان 3 دۆلارە."
"شێوەی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ غەززە جێگەی گومانن"
هاوکات مەریوان نەقشبەندی، لێکۆڵینڤانی ئایینی، میوانێکی دیکەی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بوو و گوتی، زیاتر لە 200 کەمپەین و شوێنی جیاواز لە هەرێمی کوردستان پارە بۆ غەززە کۆدەکەنەوە.
مەریوان نەقشبەندی گوتی، "ئەوەی لە هاوکاریکردنی خەڵکی غەززەدا گرنگە، چۆنێتیی گەیاندنی هاوکارییەکانە، چونکە شێوەی گەیاندنی پارە بە لێقەوماوانی غەززە زۆر جێگەی گومانە."
ئەو لێکۆڵینڤانە ئایینییە رەتی دەکاتەوە لە غەززە هیچ بانکێک کراوە بێت و دەڵێت، "ئەو هاوکارییەی دەنێردرێت هەمووی لە رێگەی حەواڵەیە کە ئەویش ناچێتە ژێر هیچ چاودێرییەکی دارایی، بۆ ئەوەی بزانرێت پارەکە چەند بووە و کێ وەریگرتووە."
مەریوان نەقشبەندی ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستان هیچ سیستمێکی چاودێری بۆ ئەو رێکخراوە خێرخوازی و کەسایەتییانە نییە کە پارە بۆ غەززە کۆدەکەنەوە و "لەکاتێکدا رێنمایی لە وەزارەتی ناوخۆ هەیە کە نابێت بەبێ ئاگاداری حکومەت هیچ پارەیەک کۆبکرێتەوە."
بەگوتەی ئەو لێکۆڵینڤانە ئایینییە، گومانی سەرەکی لە شێوەی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان لەوەدایە کە "دەکرێ بە ناوی غەززەوە کەسانێک پارە کۆبکەنەوە، بەڵام بۆ غەززەی نەنێرن."
بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی 59 هەزار و 676 کەس کوژراون کە زۆربەیان سڤیل بوون.
رۆژی هەینی، پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی (WFP) رایگەیاند، نزیکەی یەک لەسەر سێی دانیشتووانی غەززە "ماوەی چەندین رۆژە هیچیان نەخواردووە"
نەخۆشخانەکانی غەززەش رایانگەیاند، رۆژی هەینی 9 کەسی دیکە بەهۆی برسێتیی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە. بەمەش کۆی ئەوانەی بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 122 کەس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ