رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە هەولێر 110 هەزار دۆلار لەڕێگەی دەزگای خێرخوازیی بەخشینەوە دەبەخشێتە خەڵکی غەززە. بەرپرسێکی رێکخراوەکە دەڵێت: "هەموو شتێکی بەخشراو دەگەیێنینە جێگەی خۆی".
موسعەب خۆشناو، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بەخشین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ شەممە خێرخوازێک هاتە نووسینگەکەمان و 11 دەفتەر دۆلاری دانا، ئامادەنەبوو نە ناوی بنووسین و نە هیچ ناونیشانێکی".
بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بەخشین گوتی: "بەردەوامین لە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی غەززە و دڵنیایی دەدەینە هاونیشتمانیان کە خێرەکەیان دەگاتە جێگەی خۆی و 250 دیناریشی بۆ دەزگاکەمان هەڵناگرین".
موسعەب خۆشناو، لەبارەی گەیاندنی هاوکارییەکانەوە گوتی: "رێککەوتنمان لەگەڵ رێکخراوەکانی نێو غەززە هەیە، پڕۆژەیان پێشکێش دەکەین و ئەوانیش دوای جێبەجێکردنی وێنە و ڤیدیۆمان بۆ دەنێرینەوە ئەوکاتە دەڵنیا دەبینەوە و پارەکەیان بۆ دەنێرین".
بە گوتەی بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری دەزگای خێرخوازیی بەخشین، پارەی خێرخوازان بۆ ئامادەکردنی ژەمەخۆراک، سەموون، ئارد یان نیسک لە غەززە خەرج دەکرێت.

نزیکەی پێنج مانگە، ئیسرائیل رێگەی بە گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ غەززە داخستووە. لە 26ـی ئایار رێگەی بە گەیاندن و دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان لەڕێگەی دامەزراوەی خێرخوازیی غەززەوە داوە. بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەرچەندە رێگە بە گەیاندنی هاوکارییەکان دەدرێت، بەڵام بەشی دانیشتووانی کەرتەکە ناکات و رۆژ بە رۆژیش برسێتی لە غەززە زیاتر دەبێت.
بە گوێرەی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، 96٪ـی دانیشتووانی غەززە برسین و زیاتر لە سێیەکمی دانیشتووانەکەش لە برسێتیی تووند دان. تەندروستی ئەو بەشەی فەڵەستینیش دەڵێت، لە سەرەتای جەنگەوە سەروو 100 کەس لە برسا مردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ