بەنداوەکانی دووکان و دهۆک کەمتر لە نیوە ئاویان تێدایە

26-08-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەنداوی دووکان 35% و بەنداوی دهۆکیش 40%ی ئاویان تێدایە، بەڵام بەنداوی دەربەندیخان زیاتر 60% ئاوی تێدایە. بە گوتەی بەرپرسانیان، بەنداوی دووکان 90 مێگاوات و بەنداوی دەربەندیخانیش 70 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
 
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوەکە ئەمڕۆ شەممە 26ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا بەنداوەکە 35% ئاوی تێدایە."
 
بەنداوی دووکان لەکاتی دروستکردنیدا پێنج یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەبوو. کۆچەر جەمال دەڵێت، ئێستا دوو یەکەیان کار دەکەن و رۆژانە 90 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.
 
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە. سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەنداوەکە ئێستا 60% ئاوی تێدایە."
 
لە سەرەتای دروستکردنیدا بەنداوی دەربەندیخان توانای بەرهەمهێنانی 249 مێگاوات کارەبای هەبوو بە سێ یەکەی بەرهەمهێنان. بەڕێوەبەری بەنداوەکە دەڵێت، ئێستا رۆژانە نزیکەی 70 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.
 
بەنداوی دهۆک سێیەم بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەگوێرەی ئاماری بەنداوەکە بۆ رووداو، ئێستا 40% بەنداوی دهۆک ئاوی تێدایە. بەنداوەکە بە شێوەی سەرەکی پشت بە ئاوی باراناو دەبەستێت. فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکە ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەراورد بە هەمان رێککەوتی ساڵی رابردوو، ئەمساڵ بە بەرزی مەترێک ئاو زیاترە.
 
جگە لە دوو بەنداوەکەی دیکە، هیچ وێستگەیەکی کارۆئاوی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوی دهۆکدا نییە.
 
بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانییەوە دروستكراوە ‌و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ‏ئەمریكییەوە دروستكراوە، بەنداوی دهۆکیش ساڵی 1988 دروستکراوە. جگە لەو سێ بەنداوە، چەند بەنداوێکی دیکەی بچووک لە هەرێمی کوردستان هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.