رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە خورماڵ، هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەیش برینداربوون کە منداڵ و زاواکەی بوون.
رۆژی شەممە، 26ـی ئابی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە نزیک نەخۆشخانەی نوێی بیارە ئۆتۆمبێلێک کە لە هەورامانەوە بەرەو خورماڵ دەچوو، وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە و، پێنج سەرنشینی دیکەیش بریندار بوون.
هاوکات پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، جگە لە گیانلەدەستدانی موختار ئەحمەد محەممەد کە یاریدەدەری پزیشک بووە، پێنج کەسی دیکەیش بریندار بوون کە چواریان منداڵی خۆیی و ئەوی دیکەیش زاواکەی بووە.
عەمید ئەنوەر عومەر، بەڕێوەبەری هاتووچۆی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوەی گیانی لەدەستداوە شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە. گوتیشی، قوربانییەکان ئەندامانی یەک خێزانن و خەڵکی هەڵەبجەن.
بریندارەکان رەوانەی فریاکەوتنی خورماڵ کراون و تەرمی قوربانییەکەش نێردراوە بۆ دادپزیشکی.
ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویاندا، 773 رووداوی وەرگەڕان بوو، لە ئەنجامی کۆی رووداوەکاندا 445 کەس گیانیان لەدەستدا و 7250 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ