رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزیەک لە سنووری سلێمانی روویدا. بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی دەڵێت، گوڕەکەی 3.1 پلەی رێختەر بووە و هەستی پێکراوە.
رۆژی شەممە، 26ـی ئابی 2023، ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بوومەلەرزەکە کاژێر 06:31ـی بەیانی لە سنووری سلێمانی روویداوە؛ پلەکەی 3.1 پلەی رێختەر بووە.
بوومەلەرزەکە لە قووڵایی شەش کیلۆمەتر و دووریی 18 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای سلێمانی روویداوە. ئاسۆ کەمال دەڵێت، ئەو کەسانەی لەو کاتەدا بەخەبەربوون، هەستیان بە بوومەلەرزەکە کردووە.
بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، بوومەلەرزەکە لە ئەنجامی درزەکانی ژێرزەوی و لێکترازانەکانی ناوچەکە بە پلەی نزم دروستبووە.
دوایین بەهێزترین بوومەلەرزە کە لە ناوچەکەدا روویدا بێت، رۆژی 6ـی شوباتی 2023 بوو، کە دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان مەرەشی باکووری کوردستان بوو، 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان و بەشێکی رۆژئاوای کوردستان و سووریاشیان هەژاند.
بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، ژمارەی گیان لەدەستدان لە بوومەلەرزەکانی مەرەش و دەوروبەری، 50 هەزاری کەسی تێپەڕاند.
بوومەلەرزەکان کاریگەریی گەورەیان لەسەر هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانیش هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ