رووداو دیجیتاڵ
نرخی بەنزین لە شاری سلێمانی بۆ هەر لیترێک 50 دینار بەرزبووەوە و لیترێک نۆرماڵ بوو بە هەزار دینار، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە نرخی بەنزین لە هەولێر کە لیترێک نۆرماڵ هەزار و 75 دینارە.
رۆژی شەممە، 26ـی ئابی 2023، بەهمەن شێخ قادر، گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوێنێوە نرخی هەر لیترێک بەنزین لە هەر سێ جۆرەکەی یەکی 50 دینار بەرزبووەتەوە؛ نۆرماڵ بووەتە هەزار دینار، موحەسەن هەزار و 200 دینار و سوپەریش هەزار و 350 دینار.
گوتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی دەڵێت، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەردوو ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین رۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن و نیو لیتر بەنزین پێویستە. گوتیشی، "سووتەمەنی کەمە، کاتێکیش کەم بوو نرخ بەرز دەبێتەوە".
لە هەولێر و دهۆک چەند هەفتەیەکە نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە. جەنگی مەجید، گوتەبێژی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە هەولێر بە نزیکەی نرخەکان وەکو خۆیان ماونەتەوە. لیترێک نۆرماڵ لەنێوان هەزار و 50 دینار بۆ هەزار و 75 دینارە؛ موحەسەن هەزار و 300 دینارە و سوپەریش هەزار و 375 دینارە. هەندێک بەنزینخانە گوایە کوالێتیی باشترە، بەنزینی موحەسەن و سوپەر بە نرخی زیاتر دەفرۆشن".
سنووری هەولێر و دەوروبەری رۆژانە پێویستی بە نزیکەی دوو ملیۆن لیتر بەنزینە. گوتەبێژی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر دەڵێت، "پێشتر 40 بارهەڵگر بەنزینی حکومی دەدرایە بەنزینخانەکان، بەڵام ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ 22 بارهەڵگر و بە هەموویانەوە 750 هەزار لیتر دەکات و بۆ سنوورەکە کەمە".
نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین لە هەڵەبجە نزیکە لە نرخی سلێمانی و لە دهۆکیش نزیکە لە نرخی هەولێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ