پەروەردەی سلێمانی: هیچ قوتابخانەیەکی سێ دەوامیمان نییە

26-08-2024
پەیمان محەممەد
پۆلێکی خوێندن لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
پۆلێکی خوێندن لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵیت، ''ئەگەر بۆ وانەگوتنەوە پێویستیمان بە کەسی نوێ هەبێت، مامۆستا بە شێوەی وانەبێژ وەردەگیرین''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، سەرجەم قوتابخانەکانی سنووری پارێزگاکە یەک دەوامی و دوو دەوامین. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 26-08-2024، عومەر محەممەد ئەمین، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشی کرد رایگەیاند، گۆڕانکاریی گەورە لە ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن کراوە.
 
بڕیارە مامۆستایانی وانەبێژ بکرێن بە گرێبەست. یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی: ''ئەو رۆژەی گرێبەستیان بۆ دەکرێت، گرێبەستەکەیان بۆ هەژمار دەکرێت، بەڵام لە داهاتوودا وەزارەتی پەروەردە و ئەنجوومەنی وەزیران یەکلایی دەکەنەوە کە ئەو ساڵانەی خزمەتیان کردووە بۆیان هەژمار دەکرێت یان نا.''
 
دوێنێ یەکشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ژمارەیەک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی هەرێمی کوردستان کرد.
 
لە راگەیێندراوی حکومەتدا هاتبوو: ''سەرۆکی حکومەت دوای گوێگرتنی لە خواست و داواکارییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بڕیاریدا لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەت هەرێمی کوردستان، سەرجەم وانەبێژانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس دەبێت بکرێنە گرێبەست".
 
عومەر محەممەد ئەمین دەڵیت، ''ئێمە چاوەڕوانی فەرمانی وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین کە گرێبەستەکەیان بۆ بکەن''. 
 
کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینار و زۆرترینیشیان 400 هەزارە، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن کراوە. ئەو یاریدەدەرەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو کە ''ئێستا ئەوەی دەرچووی پەیمانگە بێت بە 400 هەزار دینار دادەمەزرێت و وانەبێژێکیش کە بەکالۆریۆسی هەبێت بە 500 هەزار دینار دادەمەزرێت". 
 
عومەر محەممەد ئەمین گوتی، لە قۆناخی یەکەمدا ئەو وانەبێژانەی کە هەن، دەکرێن بە گرێبەست، ''بەڵام ئەگەر پێویستیمان بە کەسی نوێ هەبێت، ئەوە سەرەتا بە شێوەی وانەبێژ وەردەگیرێت، دواتر دەبێ بڕیارێکی دیکەیان لەلایەن وەزارەتی پەروەردە و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بۆ دەربچێت و بکرێن بە گرێبەست''. 
 
یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی، ''لە سلێمانی چوار دەوامی و سێ دەوامی نییە و تەنیا دوو دەوامی ماوە. ئەگەر لە دوای کاژێر 16:00 دەوامێکی دیکە لە قوتابخانەیەک هەبێت، ئەوە دەوامی ئێوارانە و ناچێتە خانەی سێ دەوامی.''
 
عومەر عەبدوڵڵا دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمیی ژوورەکانی خوێندن، وەزارەتەکانی دارایی و پەروەردە لەسەر هێڵن و ''ئەم ساڵ بەرنامەیەکی زۆر باش بۆ دروستکردنی پۆل لەئارادا بوو. قۆناخی یەکەم کە دروستکردنی قوتابخانەی یەک پۆلی، دوو پۆلی، سێ پۆلی و چوار پۆلی بوو، تەواوکرا. لە قۆناخی دووەمیشدا رەزامەندی بۆ دروستکردنی قوتابخانەی پێنج پۆلی وەردەگیرێت". 
 
جگە لە کەمیی شوێن، ژمارەیەکی زۆریش لە قوتابخانەکان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی، ''پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان لە لەلایەن حکومەتەوە لە رێگەی داهاتی فرۆشگاکان و لە رێگەی هەڵمەتی رێکخراوەکانی مەدەنییەوە بەردەوامە.''
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.