وەزیری ئاوەدانکردنەوە: هۆکاری تەواونەکردنی پڕۆژەکانی رێگەوبان یەکنەگرتنەوەی دامەزراوە داراییەکانە

26-08-2024
پەیمان محەممەد
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''ئەگەر دامەزراوەیەکی دارایی یەکگرتوومان هەبووایە، زۆربەی گرفتەکانی بەردەم پڕۆژەکانی رێگەوبان چارەسەر دەبوون. گوتیشی: گرفتی سەرەکیی بەردەم دەستپێکردنەوەی پڕۆژەی رێگەی دووکان-چوارقوڕنە، دابینکردنی پارەی کاشە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 26-08-2024، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، بۆ دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگەی گوندەکانی چیوەی سەروو و خوارووی سەر بە ناحیەی بێتواتە، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینی کرد.
 
دوای دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەکە، دانا عەبدولکەریم لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، تێچووی پڕۆژەکە نزیکەی 800 ملیۆن دینارە و هەوڵدەدرێت لە زووترین کاتدا تەواو بکرێت.
 
بەشێکی پڕۆژەکانی رێگەوبان لە هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە کاریان تێدا دەکرێت و تەواو نەکراون، لەوانەش دووسایدی وارماوا-دەربەندیخان و رێگەی دووکان-چوارقوڕنە. وەزیری ئاوەدانکردنەوە هۆکاری سەرەکیی تەواونەبوونی پڕۆژەکان بۆ ''یەکنەگرتنەوەی دامەزراوە داراییەکان'' دەگەڕێنێتەوە.
 
بەگوتەی دانا عەبدولکەریم، ''ئەگەر دامەزراوەیەکی دارایی یەکگرتوومان هەبووایە، زۆربەی ئەو گرفتانە چارەسەر دەکران، چونکە هۆکاری سەرەکیی تەواونەکردنی پڕۆژەکان گرفتی داراییە.''
 
رێگەی دووکان–چوارقوڕنە یەکێکە لە رێگە ستراتیژییەکان کە بە سێ قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، قۆناخی یەکەمی لە چوارقوڕنەوە تاوەکو پردی هیزۆپ 95٪ـی کارەکانی تەواوکراون، قۆناخی دووەم لە پردی هیزۆپەوە تاوەکو نزیکی خەلەکان 45٪ـی کارەکانی تەواوکراون، بەڵام پڕۆژەکە وەستاوە، قۆناخی سێیەمیش لە خەلەکانەوە دەستپێدەکات تاوەکو دووکان کە 10 کیلۆمەترە.
 
وەک وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی دا، ''قسەم لەگەڵ [قوباد تاڵەبانی] جێگری سەرۆکوەزیران کردووە کە بە زووترین کات پارەی پێویست بۆ دەستپێکردنەوەی قۆناخی دووەمی پڕۆژەی رێگەی نێوان دووکان چوارقوڕنە دابین بکرێت.''
 
گوتیشی، ''گرفتی سەرەکیی بەردەم دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە، دابینکردنی پارەی کاشە، هیوادارم بتوانین لە ماوەی هەفتەیەک یان دوو هەفتەی داهاتوودا، تێیدا دەست بە کارکردن  بکرێتەوە.''
 
دانا عەبدولکەریم باسی لە هۆکاری وەستانی پڕۆژەی وارماوا-دەربەندیخانیش کرد و گوتی، ''سەرەڕای گرفتە داراییەکان، گرفتێکیشمان لەگەل کۆمپانیای جێبەجێکار هەیە کە کۆمپانیایەکی ئێرانییە و ساڵی 2011 کارەکەی پێدراوە."
 
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوە کرد، ''بەداخەوە کۆمپانیاکە لە ئاستی پێویستدا نییە و نەیتوانیوە کارەکانی خۆی جێبەجێ بکات، ئێمەش رێکارە ئیدارەییەکانمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی بتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین، لەگەڵ چارەسەربوونی گرفتە داراییەکان، دەست بە کارکردن لە پڕۆژەکەدا دەکەینەوە.''
 
درێژیی دووسایدى وارماوا – دەربەندیخان نزیکەی 10 کیلۆمەترە، بودجەی پڕۆژەکە 44 ملیار دینارە و 78٪ـی کارەکانی تەواوکراون، بەڵام کارکردن تێیدا وەستاوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.