رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی سەربازیی پۆڵەندا رایدەگەیێنن، ئاسمانی وڵاتەکەیان لەلایەن سوپای رووسیا لەکاتی هێرشکردنە سەر ئۆکراینا پێشێلکراوە، "پێدەچێت درۆن سنوورەکەی بەزاندبێت".
رۆژی دووشەممە، 26ـی ئابی 2024، ماچێی کلیس، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پۆڵەندا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وارشۆی پایتەختی وڵاتەکەی ئاماژەی بە بەزاندنی سنووری وڵاتەکەی لەلایەن سوپای رووسیاوە کرد.
کلیس ئاماژەی گوتی: رەنگە ئاسمانی وڵاتەکەیان لەلایەن درۆنێکەوە پێشێل کرابێت و گوتیشی، "دڵنیا نین لەوە ئاسمانی وڵاتەکەمان بە چ شتێک پێشێل کراوە، بەڵام ئەوە روون بووەتەوە کە هیچ جۆرە مووشەکێک ئاسمانی وڵاتەکەمانی نەبەزاندووە".
فەرمادەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پۆڵەندا ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، بەڵام پێدەچێت سنوورەکەیان بە درۆنێکی جۆری "شەهید"ـی دروستکراوی ئیران پێشێل کرابێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ رووسیا بە زیاتر لە 200 درۆن و مووشەک هێرشیکردە سەر خاکی ئۆکراینا و بەوهۆیەوە لانیکەم چوار هاووڵاتی ئۆکراینی کوژران.
هەر ئەمڕۆ 2024 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دوای لە وڵاتانی رۆژئاوا کرد کە خستنەخوارەوەی مووشەک و درۆنەکانی رووسیا یارمەتییان بدەن.
زیلینسکی جارێکی دیکە داوای لە رۆژئاوا کرد رێگە بە ئۆکراینا بدەن مووشەکی دوورمەودا بەکاربهێنێت و قووڵتر هێرشبکاتە سەر خاکی رووسیا. گوتی: "ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و هاوبەشەکانی دیکەمان دەسەڵاتیان هەیە یارمەتیمان بدەن ئەم تیرۆرە راگرین".
دوێنێ رووسیا رایگەیاند، لە چەندین ئاراستەوە هێز و چەکەکانی ئۆکراینای بۆردوومانکردووە؛ هەروەها ئۆکراینا بڵاویکردەوە، دۆخی هەرێمی پۆکرۆڤسکی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی سەختە و شەڕێکی قورسی لەسەر دەکرێت کە ناوچەیەکی لۆجستیی ستراتیجییە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، پێگەیەکی کاتیی هێزێکی "بەکرێگیراو"ی ئۆکراینای لەنێوبردووە؛ هەروەها هێزی ئاسمانیی رووسیا رایگەیاند، 8 مووشەکی هیمارسی دروستکراوی ئەمریکی و 41 درۆنی دیکەی تێکشاندووە کە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرایناوە ئاراستەکرابوون.
سوپاسالاری ئۆکرایناش گوتی، لە 24 کاژێردا لە 68 شوێنی بەرەکانی پێشەوە، شەڕ و پێکدادانیان لەگەڵ هێزەکانی رووسیا هەبووە. بەگوتەی ئەو، دۆخی شاری پۆکرۆڤسک سەختە و هێزەکانی رووسیا لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیان دەکەنەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ