سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی: چوار جار هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دراوە

26-08-2025
ئاسۆ سەراوی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای چەند رۆژێک لە رووداوەکەی لالەزار، سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتی هەندێك وردەکاری ئاشکرا دەکات و دەڵێ: "لەنێو فەرشدا نیشانەشکێن براوەتە سەر باڵەخانە، بە مەبەستی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ هەوڵیشیان داوە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە ئاسمانی سلێمانی و لەنێو هەلیکۆپتەرێکدا تیرۆر بکەن".
 
سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رۆژی سێشەممە، 26-8-2025 بە کۆمەڵێک رۆژنامەڤان کە تۆڕی میدیایی رووداویش تێیدا ئامادە بوو، رایگەیاند: "لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا چوار هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی دراوە. جارێکیان لە پشت گوندی ئەڵمانی لە سلێمانی بوو کە هەوڵ درا لە باڵەخانەیەکەوە تەقەی لێ بکرێ و تیرۆر بکرێ؛ جارێکی دیکەش لە چێشتخانەیەک بە ناوی ڤۆگ لە سلێمانی بوو.''
 
سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی دەڵێ: "لەو هەوڵانەدا لاهوور شێخ جەنگی داوای کردبوو بافڵ تاڵەبانی تیرۆر بکرێ، بەڵام بە هۆکاری جیاواز نەتوانرا پیلانەکە جێبەجێ بکرێ". 
 
"لە دووری 600 مەترەوە هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی دراوە"
 
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، جارێکیان لە دووری 600 مەتر لە دەباشان لە باڵەخانەیەکەوە هەوڵی تیرۆرکردنی بافڵ تاڵەبانی دراوە.  
 
سەرچاوەکە بەم شێوەیە وردەکارییەکەی باس کرد کە "نیشانەشکێن لەنێو فەرشدا براوەتە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەک لە بەرامبەر دەباشان. چەکدارەکە ئامادەکاری کردووە و تەنانەت جارێک هێمای دووربینی نیشانەشکێنەکەی خستووەتە سەر سنگی بافڵ تاڵەبانی، بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە و تەقەی نەکردووە."
 
ئەو سەرچاوەیەی یەکێتی گوتی، یەکێکە دیکە لە هەوڵی "تیرۆرکردنەکە لە چێشتخانەی ڤۆگ بووە لە سەرچنار، بەڵام سەری نەگرتووە."
 
"هەوڵەکانی شکستیان هێنا،" ئەو سەرچاوەیە هۆکارەکەی باس کرد و گوتی: "بەهۆی ئەوەی بافڵ تاڵەبانی بە ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ هاتووچۆی کردووە."
 
"جارێکیش پیلانی تیرۆرکردنی قوباد تاڵەبانی دراوە، ئەوەش کاتێک لە نێو فڕۆکەدا بووە لە ئاسمانی سلێمانی،" بە گوێرەی سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی.
 
لە رووداوەکەی لالەزاردا قسە و باسی زۆر لەسەر کوژراوان دەکرێ. بەپێی سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی، لە شەڕەکەی لالەزاردا 12 کەس کوژران کە سێ کەسیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون. 
 
لەبارەی ژمارەی دەستگیرکراوانیش، سەرچاوەکە دەڵێ: "160 کەس دەستگیرکراون و بە رێکاری یاسایی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ." 
 
لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی شەوی رووداوەکە سێ جار قسەیان کردووە
 
رووداوەکەی لالەزار لە ئێوارەی پێنجشەممەوە بە چوونی هێز بۆ شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی دەستیپێکرد و بەرەبەیانەکەی بە دەستگیرکردنی لاهوور و پۆڵادی برای و چەند کەسێکی دیکە کۆتایی هات، بەڵام کاردانەوەکانی بەردەوامن.
 
سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی دەڵێ: "شەوی رووداوەکە بافڵ تاڵەبانی سێ جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی کرد و پێی گوت وەرە پێکەوە دەچینە شوێنێک، بەڵام ئەو رازی نەبوو.''
 
سەرچاوەکەی یەکێتی دەڵێ: "ئەوەی کرا بژاردەیەک بوو لەنێوان خراپ و خراپتر. ئێمە خراپمان هەڵبژارد و ناچاربووین ئەو هەنگاوە بگرینەبەر.''
 
"پارتی دیموکراتی کوردستان لەو هەوڵ و پیلانگێڕییەدا نەبووە و بەشدار نەبووە." سەرچاوەکەی یەکێتی
 
سەرچاوە باڵاکەی یەکێتی دەڵێ: "ئاسۆ شێخ جەنگی لە بەغدا نییە، بەڵکو هەڵاتووە بەرەو لوبنان؛ زانیاریمان هەیە لە لوبنانە و هەر ئەو شەوە رایکردووە بۆ لوبنان.''
 
تورکیا داوای سەلامەتی گیانی خەڵکی لە یەکێتی کردووە 
 
تورکیا لەدوای رووداوەکەی لالەزار لەڕێگەی ئۆنجە کەجەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاند: "لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی سلێمانی دەکەین." 
 
سەرچاوەکەی یەکێتی گوتی، تورکیا ئەو شەوە هاتووەتە سەر هێڵ و داوای پاراستنی ئەو بازرگان و خاوەن کۆمپانیا و کەسانەی کردووە لە سلێمانی کار دەکەن.
 
سەرچاوەکە دەڵێ: "دڵنیایی درایە تورکیا خەڵکی سڤیل هیچی بەسەر نایەت.'' سەرچاوەکە دەڵێ: "هیچ وڵاتێکی دراوسێ دەستوەردانی لەو دۆخەدا نەکرد.''
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە