کەی ساڵی نوێی خوێندن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات؟

27-08-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی زانکۆکان لە 1 تاوەکو 10ی ئەیلوول دەست بە وەرزی نوێی خوێندن دەکەن. یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران دەڵێت، "هیچ کاتێک دیاری نەکراوە. دەکرێت ئەم ساڵ بەهۆی دۆخی دارایی هاووڵاتییانەوە دەوامی زانکۆکەمان کەمێک دوابکەوێت."
 
ساڵانە لە مانگی ئەیلوولدا وەرزی نوێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکان دەستپێدەکات، بەڵام دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن لەو ناوەندانە لە یەک کاتدا نییە و هەر یەکێکیان بە بڕیاری ئەنجوومەن و ساڵنامەی خۆی، رۆژێک بۆ دەستپێکردنی وەرزی نوێی خوێندن دیاری دەکات.
 
26ی ئابی 2025 سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "7ی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن بۆ سەرجەم قۆناخەکان، جگە لە قۆناخی یەکەم، لە زانکۆی سەلاحەدین دەستپێدەکات."
 
جگە لە قۆناخی یەکەم، زانکۆی سەلاحەدین نزیکەی 25 هەزار خوێندکاری هەیە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین گوتی، "قۆناخی یەکەم دوای زانکۆلاین و گەڕانەوەی ناوەکانیان، وانەکانیان دەستپێدەکات. هێشتا تاقیکردنەوەی خوولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی تەواونەکراوە، بۆیە دیار نییە کەی دەست بە خوێندن دەکەن."
 
سەبارەت بە راییکردنی مامەڵەی خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکان، سامان عەبدوڵڵا گوتی، "رۆژی 1ی ئەیلوولی 2025 دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان، تۆمارکردنی مۆدیولەکانی خوێندن و وەرگرتنی مامەڵەی بەشە نێوخۆییەکانی شەهید شەوکەتی تایبەت بە کوڕان و 18ی شوباتی تایبەت بە کچان دەستپێدەکات."
 
زانکۆی سەلاحەدین لە 16 کۆلێژ و 86 بەشی ئەکادیمی پێکدێت. بەپێی ساڵنامەی ئەکادیمیی زانکۆی سەلاحەدین بۆ ساڵی 2025 - 2026، سمستەری پاییزە لە 07-09-2025ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو 23-12-2025؛ سمستەری بەهارە لە 04-01-2026ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو 17-05-2026.
 
زانکۆی سەلاحەدین ساڵانە شەش بۆ حەوت هەزار خوێندکاری دەرچووی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێ و بە گوتەی سامان عەبدوڵڵا، ئەم ساڵیش هەمان پلانیان بۆ وەرگرتن هەیە.
 
زانکۆی سلێمانی: پێشبینی دەکەین بەهۆی نەبوونی مووچەوە دەوامی زانکۆکەمان دوابکەوێت
 
د. شێروان حەمەساڵح، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بۆ دەستپێکردنی دەوامی زانکۆ دیاری نەکراوە."
 
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران دەڵێت، "دۆخی دارایی خوێندکاران و خێزانەکانیان سەقامگیر نییە؛ دۆخی مووچە دیارە؛ زانکۆکەشمان پێویستی بە خەرجییە بۆ بەشە نێوخۆییەکان، چاودێرەکانیان و هۆڵەکانی زانکۆ. ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێ، دەکرێ لە سلێمانی دەوامی زانکۆ کەمێک دوا بکەوێت."
 
هاوکات سەرکەوت رەشید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک بە رووداوی راگەیاند، "6ی ئەیلوول وەرزی نوێی خوێندن بۆ خوێندکاران دەست پێدەکات، جگە لە قۆناخی یەکەم."
 
لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک 5 کۆلێژ و 6 پەیمانگا هەن کە 51 بەش لەخۆ دەگرن.
 
هەروەها د. مەنهەل ئیلهام، سەرۆکی زانکۆی ئاکرێ بە رووداوی گوت، "1ی ئەیلوول دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان لە زانکۆکەمانە و 7ی هەمان مانگیش خوێندن لە هۆڵەکانی خوێندن، جگە لە خوێندکارانی قۆناخی یەکەم، ئەوان دوای ئەنجام و وەرگیرانیان لە زانکۆکان دەوام دەکەن."
 
لە زانکۆی ئاکرێ 25 بەش هەن کە ساڵانە نزیکەی شەش هەزار خوێندکاریان هەیە.
 
"لە هەڵەبجە کێشەی بەشە ناوخۆییمان نییە"
 
د. بەمۆ پەورێز، سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بە رووداوی گوت، "1ی ئەیلوول کۆدەبینەوە و کاتی دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن دیاری دەکەین."
 
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە باسی لەوە کرد، "کێشەی بەشەنێوخۆییمان نییە و هۆڵەکانمان نوێن، باوەڕناکەم پێویستمان بە خەرجیی زۆر بێت، بەڵام دۆخی هاووڵاتییان، مامۆستایان و خوێندکاران رۆڵی زۆری هەیە."
 
لە زانکۆی هەڵەبجە 6 کۆلێژ و بەشێکی سەربەخۆ هەن.
 
ئاواز ئیبراهیم، لە راگەیاندنی زانکۆی زاخۆ بە رووداوی گوت، "بەپێی ساڵنامەی خوێندن، لە 7ی ئەیلوولەوە دەوامی زانکۆکەمان دەستپێدەکات، بەڵام ساڵانە بەشێکی قوتابییان لە کاتی خۆیدا پابەندی دەوام نابن."
 
لە زانکۆی زاخۆ 8 کۆلێژ و 31 بەش هەن کە ساڵانە زیاتر لە 1200 خوێندکار دەردەچن.
 
لە زانکۆی راپەڕین 7 کۆلێژ و 41 بەش هەن. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە زانکۆی راپەڕین لە 10 تاوەکو 20ـی ئەیلوول دەوام دەستپێدەکاتەوە.
 
محەممەد حوسێن، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی زانکۆی سۆران بە رووداو گوت، "لە یەکی ئەیلوولەوە دەوامی مامۆستایانی زانکۆ دەستپێدەکات و 6ی هەمان مانگیش دەوامی خوێندکاران. لە زانکۆکە 5 کۆلێژ و نزیکەی 30 بەش هەن."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.