رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ دادگەی تایبەت بە دۆسیەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا نییە. ئاماژە بەوەش دەکات، پار 235 دۆسیەیان بۆ گەندەڵی لە دادگەکان کردووەتەوە.
دادوەر ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 1500 دۆسیەی گەندەڵیمان ناردووە بۆ دادگەکان".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی گوت: "ساڵانە 250 بۆ 300 دۆسیەی گەندەڵی رەوانەی دادگەکان دەکەین، بەڵام هەموویان لە ساڵێکدا یەکلا نابنەوە".
دادوەر ئەحمەد ئەنوەر ئاماژەی بەوەشکرد: "ئێستا بەراورد بە رابردوو باشترە و ساڵانە نیوەی ئەو کەیسانەی رەوانەی دادگەکانی دەکەین یەکلا دەبێتەوە".
لەبارەی تۆمەتبارەکانی گەندەڵیشەوە سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی: "وەزیری پێشوو، بریکاری وەزارەتی پێشوو، بەڕێوەبەری گشتیی پێشوو و چەندین پۆستی دیکەی لە هەموو ئاستەکان تێدایە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ