رووداو دیجیتاڵ
یەکەی نیشتەجێبوون و باڵەخانەی بەرز لە ریزەکانی پێشەوەی وەبەرهێنانن لە هەرێمی کوردستان، هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدا بوو، ئاستی وەربەرهێنانی کەرتەکانی دیکەش بەرزبکاتەوە و وەکو جێگرەوەی نەوت بیناسێنێت، بەڵام کەرتەکانی دیکە وەکو نەوت دڵخۆشکەر نەبوون، وەربەرهێنەرێکی پیشەسازیش دەڵێت، "تاوەکو ئێستاش لای حکومەتی هەرێمی کوردستان گومرگ گرنگترە لە پیشەسازی."
پرۆژەیەکی نوێی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون لە قەدپاڵی چیای گۆیژە لە سلێمانی دروست دەکرێت، لە هەشت باڵەخانەی 33 نهۆمی پێکهاتووە کە هەزار و 370 یەکە لە خۆدەگرێت، ئەم پرۆژەیە ساڵی 2022 مۆڵەتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگیراوە.
باڵەخانەی بەرز و هەوربڕ لە هەرێمی کوردستان بە جۆری جیاواز زۆرن، هەرچەندە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی وابوو، هاوشانی ئەو باڵەخانانە کەرتەکانی دیکەشی وەربەرهێنان پەرەپێبدات و لە سەروو هەموویانەوە وەربەرهێنانی پیشەسازی.
رووداو لە کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەدا، لە هەولێر قسەی لەگەڵ پیاوێک کرد، لە پێنج خولەکدا داواکاری و کەموکورتیی کەرتی پیشەسازی خستەڕوو.
سەردار حاجى عەزیز، وەبەرهێنەرى پیشەسازییە و دەڵێت، "تاوەکو ئێستا پلانێکى گشتگیرى ئاراستەکراو نییە کە حکومەت جێبەجێى بکات، تاوەکو ئێستا لاى حکومەت گومرگ لە پیشەسازیى گرنگترە، تاوەکو ئێستا ناوچەى گەورەى پیشەسازیمان نییە، ئەوەى هەیە هەرەمەکییە."
کارگەیەکی دروستکردنی خشتی سوور لە ساڵی 2005 لە هەولێر دامەزراوە و ساڵی 2008 دەستی بە بەرهەمهێنان کردووە، کارگەکە 200 کرێکاری خۆماڵی تێدایە، رۆژانە هەزار و 200 تۆن بەرهەمیان هەیە.
سەرکەوت مستەفا، سەرپەرشتیارى کارگەکەیە و لە باسی کێشەکانیدا بە رووداوی گوت، "گرفتى گەورە، پاڵپشتی نەکردنى حکومەتە لە دابینکردنى سووتەمەنى و کارەبا، بۆیە بە ناچارى ئێمە پەنا دەبەینەبەر بازاڕى رەش."
بەپێى ئامارى دەستەى وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، لە چوار ساڵى کابینەى نۆیەمدا، 299 پرۆژەى وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە و لە کاردان، بەم جۆرە بەسەر کەرتە جیاوازەکاندا دابەشکراون:
- 74 پرۆژەی بازرگانی
- دوو پرۆژەی بانکی
- 21 پرۆژەی تەندروستی
- 86 پرۆژەی پیشەسازی
- دوو پرۆژەی خزمەتگوزاری
- 39 پرۆژەی گەشتیاری
- 27 پرۆژەی پەروەردەیی
- 14 پرۆژەی کشتوکاڵی
- دوو پرۆژەی هونەری
- حەوت پرۆژەی وەرزشی
ئەم پرۆژانە، بەشێک بوون لە بانگەشەکانى حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دۆزینەوەى جێگرەوەى نەوت کە بۆی ببووە گرفت، بەڵام وادیارە هێشتا جێگرەوەکانى دیکە، ناتوانن وەک نەوت دڵخۆشکەربن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ