رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەی نەوت و گاز رایدەگەیەنێت، لە باشترین دۆخدا دوای هەناردەکردنەوەی نەوت، توانای بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی 310 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
ئەمڕۆ هەینی، 26ی ئەیلوولی 2025، یادگار سدیق، سەرۆکی رێکخراوی روونبین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت کە ئاستی بەرهەمهێنانی ئێستای نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 265 بۆ 272,300 بەرمیلە. بە گوتەی ناوبراو، ئەم ئاستەی بەرهەمهێنان تاوەکو ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە وەبەرهێنانی نوێ لە کێڵگەکاندا دەستپێدەکاتەوە و بیری نوێ لێدەدرێت.
یادگار سدیق ئاماژەی بەوەدا، لە دۆخێکی ئاساییدا، توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگاتە 300 بۆ 310 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام گەیشتنەوە بە ئاستی پێشووی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە، کاتی زۆری پێویستە و "زەحمەتە لە کەمتر لە دوو ساڵدا بگاتەوە ئەو ئاستە."
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی روونبین، ئاستی ئێستای بەرهەمهێنان بەپێی کێڵگەکان بەم شێوەیەیە:
- خورمەڵە: 80 هەزار بەرمیل
- تاوکێ: 65 بۆ 68 هەزار بەرمیل
- شێخان: 45 هەزار بەرمیل
- ئەتروش: 35 هەزار بەرمیل
- سەرسنگ: 16 هەزار بەرمیل
- عەین سفنی: 6.5 هەزار بەرمیل
- هەولێر: 8.8 بۆ 9 هەزار بەرمیل
- سەرقەڵا: 8.5 بۆ 8.8 هەزار بەرمیل
- بجیل: 4 هەزار بەرمیل
سەرۆکی رێکخراوی روونبین پێشبینی دەکات کە پێش کۆتایی ئەم ساڵ، بەرهەمی تەنیا سێ کێڵگە زیاد بکات بۆ گەیشتن بە ئاستی 310 هەزار بەرمیل. بەتایبەتی لە کێڵگەی تاوکێ، ئەگەر یەکەی بەرهەمهێنانی پێشابوور چاک بکرێت، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنانی سەرسنگیش بەرز بێتەوە بۆ نزیکەی 30 بۆ 35 هەزار بەرمیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ