رووداو دیجیتاڵ
زمانناسێکی هۆڵەندی دەڵێت، لە زانکۆکانی ئەورووپا گرنگییەکی ئەوتۆ بە کوردناسی نادرێت، ئاماژە بەوەش دەکات، ''کوردی زمانێکی سەربەخۆیە، بەڵام کەمتر کەس لەبارەی وێژەی کلاسیکی کوردییەوە زانیاری هەیە.''
ئەمڕۆ هەینی 26-09-2025، مایکڵ لیزنبێرگ، زمانناس و کوردناسی هۆڵەندی لە دووەم رۆژی کۆنفرانسی کوردناسی کە لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆنفرانسەکە گفتوگۆی زۆری تێدا دەکرێت و بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری کوردناسی پێویستە.
بەگوتەی مایکڵ لیزنبێرگ زۆر شت لەبارەی کورد هەن کە هێشتا نازانرێن، ''ئەمڕۆ لە کۆنفرانسەکەدا سەبارەت بە زۆر بابەتی وەکو هەڵبەست، وێژە، کولتوور و هونەری کوردی قسە دەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین نوێگەرییەک لە کوردناسیدا بکەین''.
ئەو زمانناسە هۆڵەندییە ئاماژەی بەوەش کرد، کوردی زمانێکی سەربەخۆیە، ''بەڵام کەمتر کەس لەبارەی وێژەی کلاسیکی کوردی زانیاری هەیە. بەخۆشحاڵییەوە دامەزراوەی کەشکۆڵ لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی کاری باشی لەسەر کوردی و وەرگێڕانی [بۆ سەر زمانەکانی دیکە] کردووە کە ئەمە شتێکی نوێیە.''
وەک مایکڵ لیزنبێرگ گوتی، لە زانکۆکانی ئەورووپا گرنگییەکی ئەوتۆ بە کوردناسی نەدراوە، ''بەڵام ئەورووپییەکان بەگشتی کورد بە خەڵکێکی پێشکەوتوو و باش دەزانن.''
ئەو زمانناس و کوردناسە هۆڵەندییە زیاتر لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان توێژینەوەی بۆ ناسینی کورد کردووە و دەڵێت، ''جاری پێشوو کە هاتمە سلێمانی نزیکەی 36 ساڵ لەمەوپێش بوو. ئەوکات کوردستان لەژێر دەستی سەدام حوسێندا بوو و خەڵک لە دۆخێکی سەختدا دەژیان، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە.''
کۆنفرانسەکە رۆژی پێنجشەممە 25ـی ئەیلوول دەستیپێکردووە و بڕیارە بۆ سێ رۆژ بەردەوام بێت.
د. بیلال وەهاب، سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی لەبارەی کۆنفرانسی کوردناسی بە رووداوی گوت، ''دیدارەکە بریتییە لە ناساندنی سەنتەری کەشکۆڵ لە زانکۆکە کە شاکارە ئەدەبییەکانی کوردی وەرگێڕاوەتە سەر زمانە جیهانییەکان بەتایبەتی ئینگلیزی.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ