پسوولەی خۆراکی سلێمانی: مانگی داهاتوو فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک کارا دەکرێت

26-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نزیک دەبێتەوە لە مانگێک سیستمی تۆمارکردنی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک راگیراوە و زیاتر لە 700 هەزار هاونیشتمانی بەهۆی تۆمارنەکردنەوە بەشەخۆراکیان بڕدراوە، بەڕێوەبەرێکی پسوولەی خۆراک زانیاری لەبارەی کردنەوەی سیستمەکە و تۆماری نوێ دەخاتەڕوو.
 
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسوولەی خۆراکی سلێمانی، رۆژی هەینی 26ـی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەڵێندراوە مانگی داهاتوو سیستمەکە بکرێتەوە، بەڵام لەوەش دڵنیانین بەڵێنەکە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت".
 
2ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد و 02ـی ئەیلوول داخرا.
 
ئێستا لە پارێزگای واست سیستمەکە کراوەتەوە، بەڵام وەکو بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە سلێمانی باسی دەکات، لەوێ وەکو تێست کراوەتەوە و رێگە نەدراوە ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە لە رابردوودا ئێستا خۆیان تۆمار بکەن، بەڵام منداڵی نوێ تۆمار دەکرێت و مردوو دەکوژێندرێتەوە.
 
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چاوەڕێین لە بەغداوە پێمان بڵێن سیستمەکە کاراکراوەتەوە، ئێستا تەنیا دەڵێن لە ئایندەدا دەکرێتەوە".
 
زیاتر لە دوو ساڵە ناوی منداڵی تازە لەدایکبوو، هەروەها خێزانی نوێ لە فۆرمی خۆراک تۆمارنەکراوە و بڕیارە لەگەڵ کردنەوەی ئەپلیکەیشنەکەدا خزمەتگوزاری گواستنەوەی فۆڕم، تۆماری منداڵ، خێزانی نوێ، ئەوانەی تۆمارنەکراون، یان ئەو ناوانەی بە هەڵە تۆمارکراون بکرێتەوە.
 
پێش فۆرمی ئەلیکترۆنی، لە هەرێمی کوردستان 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی مانگانە بەشەخۆراکیان وەردەگرت، بەڵام بە گوێرەی ئاماری لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، لە بەشەخۆراکی شەشەمی ئەم ساڵدا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو دابەش بکرێت، زیاتر لە 702 هەزاریان کەس بەشەخۆراکیان بڕدراوە، کە بە گوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
 
لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 984 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراکیان وەردەگرت. ئێستا 11%ـی هاونیشتمانیان فۆڕمیان پڕنەکردووەتەوە کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار کەس.
 
لە سلێمانی ملیۆنێک و 967 هەزار و 51 هاونیشتمانی بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت، ئێستا 13%ـی هاونیشتمانیان فۆڕمەکەیان پڕ نەکردووەتەوە و نزیکەی 260 هەزار هاونیشتمانی بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
 
لە دهۆک زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس لە رێگەی فۆڕمی خۆراکەوە پێشتر مانگانە بەشەخۆراکیان وەردەگرت، ئێستا 14%ـی خەڵک تۆمار نەکراون، واتە زیاتر لە 187 هەزار و 600 کەس بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
 
لە هەڵەبجە 115 هەزار هاونیشتمانی مانگانە بەشەخۆراکیان وەردەگرت، لەوێ 90%یان تۆمار کراون کە دەبێتە 103 هەزار کەس و 12 هەزار کەسیش بەشەخۆراکیان بڕدراوە.
 
لەکاتی چالاککردنەوەی سیستمی تۆماری ئەلیکترۆنیدا، ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە، یان منداڵی نوێ یان خێزانی نوێ تۆمار دەکەن، دەبێت بڕێک پارە رسومات بدەن ئەویش لە رێگەی هەژماری بانکییەوە دەبێت.
 
بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی هەموو خێزانەکان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی، ئەپلیکەیشنێک ئامادەکراوە بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.