تۆمەتباری کوشتنی ئەکبەر حاجی رۆستەم: پارەم لای بوو نەیدەدایەوە بۆیە کوشتم

26-09-2025
سۆران حوسێن
ئەکبەر حاجی رۆستەم (لای راست) و تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنەکەی (لای چەپ).
ئەکبەر حاجی رۆستەم (لای راست) و تۆمەتباری سەرەکیی کوشتنەکەی (لای چەپ).
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی کەسێکی بڵاوکردەوە، کە دەگوترێت بکوژی ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتی دیاری گەرمیان بووە. تۆمەتبارەکە دەڵێت، پارەی لای ئەکبەر حاجی رۆستەم بووە، نەیداوەتەوە. دەشڵێت، ئەو ویستوویەتی بیبخنکێنێت، بۆیە تەقەی لێکردووە.
 
دووشەممە 22ی ئەیلوول، لە سنووری گوندی ئۆمەربل لە قەزای کفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەکبەر حاجی رۆستەم، کەسایەتیی دیاری ناوچەکە بە گولـلە کوژرا.
 
ئەو کەسەی دەڵێت ئەکبەر حاجی رۆستەمی کوشتووە، ناوی عەبدولعەزیز جاسم مەحموودە لە عەشیرەتی عەزاوی و عەرەبە. وەکو خۆی دەڵێت، مامەڵەی لەگەڵ کوژراوەکەدا هەبووە و 9 ملیۆن دیناری کەوتووەتە لای. دەشڵێت: "پارەکەی نەدامەوە و دوای دەمەقاڵێ جنێوی پێدام و هەوڵیشدا بمخنکێنێت".
 
 
دەقی دانپێدانانی تۆمەتباری کوشتنی ئەکبەر حاجی رۆستەم:
 
من ناوم عەبدولعەزیز جاسم مەحموود عەلی‌ـە و لە عەشیرەتی عەزاویم؛ لە ساڵی 2017ـەوە دانیشتووی کفریم.
 
ساڵی 2022 کەسێکم ناسی بەناوی سامی کە خەڵکی سامەڕابوو، لەو ساڵەدا شوێنێکی لە کاک ئەکبەر حاجی رۆستەم بە کرێ گرتبوو، من لەگەڵ ئەودا دوو ساڵ کارم کرد.
 
دوای دوو ساڵەکە، من هەمان شوێنم لە ئەکبەر حاجی رۆستەم بە کرێ گرت، مامەڵەکەمان لە مانگی 11ـی ساڵی 2024 کرد، زەوییەکی 100 دۆنمیم بە 10 ملیۆن دینار لێ گرت، دواتر مانگی 2ـی 2025 ئەو هات و کرێکەی بۆ زیادکردم بە بڕی هەشت ملیۆن دینار، بەڵام دواتر گوتی 18 ملیۆنم ناوێت و 16 ملیۆنم بدەرێ. پێشتر لە مانگی 11ـی 2024 بڕی شەش ملیۆن دینارم وەکو پێشەکی پێدابوو.
 
مانگی پێنج کاتی دوورینەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی بوو، هات و داوای پارەکەی لێکردم، گوتم پارەم نییە و بەرهەمەکە دەفرۆشم و پارەکەت پێدەدەم، قبوڵی نەکرد. بەرهەمەکەم دوورییەوە سێ بارهەڵگری گەورەبوون هەرکەیان نزیکەی 20 تۆنی تێدابوو، کە فرۆشتی هیچ شتێکی نەدا بە من، نە پسووڵە نە هیچ شتێک، پێیگوتم 18 ملیۆنی لامە، هەر تۆنێکی بە 500 هەزار دینار فرۆشتبوو، بە منی گوت بە 400 هەزار فرۆشتوومە.
 
دوایین جار [ئەکبەر حاجی رۆستەم] گوتی 18 تۆنت ماوە پارەکەی لای منە کە بە گوتەی خۆی تۆنی بە 400 هەزار دینار فرۆشتبوو، بە گوتەی خۆی نزیکەی 9 ملیۆن دینای من لای ئەو بوو. دوای 9 ملیۆن دینارەکە ئەو هەموو پارەیەی برد، بە زۆر 16 ملیۆن دیناری لە من وەرگرت، لە سەرووی ئەوەشەوە ملیۆنێک و 500 هەزاری لێسەندم کرێی زەوییەکانی لای راست و چەپ، دوو پارچە زەوین؛ هەروەها گوایە من ئاوم لەو بردووە ملیۆنێک و 500 هەزاری کرێی ئاو لێسەندم، منیش دۆخەکەم بە ناچاری قبوڵکرد.
 
ئەکبەر حاجی رۆستەم 9 ملیۆن دیناری منی لامابوو ئەویش بە گوتەی خۆی کە گوتی تۆنی داوە بە 400 هەزار دینار، کە من دەمزانی داویەتی بە 500 هەزار، چەندین جار پەیوەندیم پێوەدەکرد ئامادەنەبوو باقی ئەو پارەیەم بداتەوە. لە کفری کارم نەبوو، نزیک مانگی حەوت [تەمموزی 2025] چوومە بەغدا لە ناوچەی دۆرە کارم دەکرد، چەند جارێک پەیوەندی پێوەدەکرد ئامادە نەبوو پارەم پێدات.
 
لە فەیسبووک لە پەڕەیەکدا پەیوەندیم بە کەسێکەوە کرد، دەمانچەیەکی پێ فرۆشتم کە چوار فیشەکی لەگەڵدا بوو بە 350 هەزار دینار، رۆژی 22-09-2025 لەوێ دەرچووم و بە بارهەڵگرێک کە چیمەنتۆی پێبوو بەرەو کفری، لە سلێمان بەگ وەستام و بە ئۆتۆمبێلێک هاتمە کفری، نانی نیوەڕۆم لەوێ خوارد و دوای نیوەڕۆ دەرچووم بۆ کێڵگەکەی ئەو [ئەکبەر حاجی رۆستەم]، ملیلی دەمانچەکەم راکێشابوو، چونکە دەمزانی کەسێکی بوێرە و چەک بەکاردەهێنێت و توانای هەیە کەسێک بکوژێت و ئاسایی بێت بەلایەوە. پەیوەندیم پێوەکرد و گوتم وەرە بۆ لام لە کێڵگەکە و ئەویش هات.
 
کاتێک هات داوای پارەکەم لێکرد و رازی نەبوو بیداتەوە، گوتم نیوەیم بدەرێ با نیوەی لات بمێنێتەوە بۆ ئەوەی منیش پارەی ئەوانە بدەمەوە کە قەرزداریانم، رازی نەبوو و گوتی: نیوەیشت نادەمێ. بوو بە دەمەقاڵێمان، لێم تووڕەبوو و کفری کرد و جوێنی بە کەسوکارم و دایکم دا، گوتم پارە بخە ئەو لاوە، کوفر مەکە و جوێن بە کەسوکارم مەدە، پەلاماری دام بمخنکێنێت و کەوت بە سەرمدا، ملی گرتم خەریکبوو بخنکێم، پارچەیەک بلۆکم لە نزیکمەوە بینی کێشام بە سەریدا هیچی لێنەهات، دووەم جار پێمدا کێشا، خوێنی بینی کەوتە سەرم بۆ ئەوەی بمخنکێنێت، دەمویست قسە بکەم دەنگم دەرنەدەهات، من چەکەکەم بۆ خۆپارێزی هەڵگرتبوو، من گوتووم سوورم لەسەر ئەوەی ئەمڕۆ پارەکەی لێ وەربگرمەوە، گەیشتمە ئەوەی چەکەکەم لە پشتمەوە دەرکرد، ئەو منی خستبووە سەر پشت و لەسەر سەرم بوو بۆ ئەوەی بمخنکێنێت، کە چەکەکەم دەرکرد دەستبەجێ تەقەم لێکرد، کە تەقەم لێکرد هەستامە سەر پێ، بینیم کەوت، گولـلەیەکم پێوەنابوو بەر سەری کەوتبوو، دواتر نازانم چی بەسەرهات و نەهات..
 
حەوزێکی ئاو هەبوو لەوێدا بە خێرایی هەستام جلوبەرگەکەم شت و خۆم پاککردەوە، دەمانچەکەم هەڵگرت و مۆبایلێکی بچووکی پێ بوو لەگەڵ خۆم بردم و چوومە ئۆتۆمبێلەکەی ئەو و لە نزیک ناوچەی 12ئیمامی سەر بە قەزای کفری مۆبایلەکە و دەمانچەکەشم فڕێدا.
 
لە دەمویت ئۆتۆمبێلەکەی لەنیو ببەم، بەڵام نەمدەزانی چۆن، بینیم کۆمەڵێک هەن وێنەی ئۆتۆمبێلیان بڵاوکردووەتەوە بەبێ ساڵنامە و ئەو شتانە لە فەیسبووک، پەیوەندیم کرد و گوتم پیکابێکی هایلۆکسم هەیە، گوتیان با سەیری بکەین، وەڵام دەدەینەوە، لای بەغدا بوو، دروست ناونیشانەکەیم نەدەزانی چونکە بە وردی پێی نەگوتم، چومە بەغدا، سەرەتا گوتی وەرە سەر شەقامی خێرای محەممەد قاسم نزیک مزگەوتی نیدا، چومە ئەوێ و چەند جارێک بە تەلەفۆن دەیگوت بچۆ ئەوێ و بچۆ راست و چەپ، ئۆتۆمبێلەکەی منی برد و منیش ئەوەی ئەو، من کە ئۆتۆمبێلەکەی ئەوم برد، ئەو کاتەی کە لە بەغدا لە دۆرە کارم دەکرد چوومەوە ئەوێ و ئۆتۆمبێلەکەم پاککردەوە و هەندێک شتومەکی ئەکبەر حاجی رۆستەمی تێدابوو وەکو ساڵنامە و ئەو شتانە هەڵمگرت و فڕێمدایە زبڵەوە و دواتر خەوتم، بۆ رۆژی دواتر شەوەکەی رۆشتم بەڕێوەبووم بۆ بازاڕ هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانیی بەغدا هاتن لە دۆرە دەستگیریان کردم.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو کرێکارانە لە کارگەیەکدا خنکاون

لە ئیسفەهان 9 کرێکار بە گاز خنکان

بەڕێوەبەری گشتیی هۆبەی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی پارێزگای ئیسفەهان رایدەگەیێنێت، لە یەکێک لە کارگەکانی ئەو پارێزگایە 9 کرێکار بەهۆی دزەکردنی گازەوە گیانیان لەدەستداوە.