رووداو دیجیتاڵ
برایەکی د. کازم فارووق، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە دوو پەرلەمانتاری راگەیاندووە کە تەندروستیی براکەی خراپە و لەژێر هەناسەدانی دەستکردە و چەندین نەشتەرگەریی قورسی بۆ کراوە، پزیشکیش "72 کاژێری بۆ داناوە."
شەوی چوارشەممە، 26-10-2022، دوای چەند کاژێرێکی کەم لەدوای روونکردنەوەکەی گوتەبێژی نەوەی نوێ، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان و سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق دوایین زانیارییان لەسەر تەندروستیی کازم فارووق، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بڵاوکردەوە.
ئەو دوو پەرلەمانتارە لە روونکردنەوەکەیاندا دەڵێن: "د. زوهێر فاروق، بە ناوی بنەماڵەی د. کازم فارووقەوە پەیوەندی پێوەکردین، دوای نیگەرانیی زۆری بنەماڵەکەیان لەو بەیاننامەی ئەمشەو لەسەر دکتۆر کازم بڵاوکرایەوە، لە دۆخی تەندروستیی دکتۆر کازم فارووقمان پرسی، بەداخەوە دۆخی تەندروستیی بەڕێز دکتۆر کازم خراپە و لەژێر هەناسەدانی دەستکردە، چەندین نەشتەرگەری قورسی بۆ کراوە، ماوەی سێ مانگە نەیتوانیوە قسە بکات، ئێستاش 72 کاتژمێری بۆ دانراوە."
هیمداد شاهین، گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێت، "بە هەموو لایەکی رادەگەیێنین کە هەواڵی مەترسی لەسەر گیانی و ددانهەڵوەرین و ئەو قسانەی کە میدیاکانی پارتی و یەکێتی بڵاویدەکەنەوە دوورن لە راستییەوە و دڵنیابن مانگەکانی داهاتوو و ساڵانی داهاتوو ئەم قسەیەی ئێمە دەسەلمێنێت لە کاتی خۆیدا."
بەپێی روونکردنەوەکەی گوتەبێژی نەوەی نوێ، کازم فارووق سەرەڕای دەستلەکارکێشانەوەی، بەڵام مووچەی پەرلەمانتارییەکەی وەردەگرێت. گوتەبێژی نەوەی نوێ دەڵێت: "لە 17-1-2021 بە نووسراوی فەرمیی و لە میدیاکانیشەوە بڵاومان کردەوە کە بەڕێزیان مووچەی پەرلەمانتاری وەرناگرن، چونکە دەوام ناکات. لەبری ئەوە بە بەڕێز کازم فارووقمان راگەیاندووە کە هەرچی پێویستە، تەنانەت لە خودی مووچەکەی زیاتریشی دەدەینێ بەس ئەو مووچەیە وەرنەگرێت، چونکە ئەو بەڕێزە دەوام ناکات و دەبێتە عەیبەیەکی گەورە بۆ جووڵانەوەکە و بۆ خۆیشی."
دوو پەرلەمانتارەکە لەوبارەیەوە دەڵێن: "ناکرێت لەبەر ململانێ و ناکۆکیی سیاسی لەم دۆخەدا بیر لە شکاندنی دکتۆر کازم بکرێتەوە، لە بری هاوکاریکردن و دڵنەوایی کەسوکاری؛ ئازاریان بدرێت، کەسوکاری چەندین زانیارییان پێگوتین: لەبارەی دۆخی تەندروستی و هۆکارەکەی، بەڵام ئێمە ئێستا ئەو وردەکارییە باس ناکەین."
دەشڵێن: "هەرچەندە لەم دۆخانەدا مووچە هیچ گرنگی و بەهای نییە، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی، داوای حساباتی دکتۆر کازم لە پەرلەمان دەکەین."
سەرۆکی پەرلەمان: د. کازم فارووق هێشتا پەرلەمانتارە
هەر سەبارەت بە تەندروستیی کازم فارووق، د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "ئێوارەی ئەمڕۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د. زاهیر فارووق، برای د. کازم فارووق لە رەوشی تەندروستیی پرسیوە و پێیڕاگەیاندووە کە دۆخی تەندروستیی د. کازم فارووق ناجێگیرە و لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکردە."
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی کازم فارووق، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت: "بەپێویستی دەزانین بڵێین بەڕێزیان هێشتا ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە و بەپێی یاسا بەرکارەکان شایستەی مووچەیە و بەپێی ماددەی 120ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێت لە خەرجیی نەخۆشییەکەشیدا هاوکاری بکرێت، لەو روانگەیەوە وەکو مافێکی یاسایی بڕیاری بەردەوامی مووچەکەی لە ئەستۆی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمانە."
دەشڵێت، لەلایەن خێزانەکەیەوە پێیانڕاگەیێندراوە لە دوای نەخۆشییەکەیەوە هیچ بڕە پارەیەک لە هەژمارەی د. کازم فارووق رانەکێشراوە.
رۆژی یەکشەممە، 27ی شوباتی 2022، کازم فارووق، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکێش کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستلەکارکێشانەوەکەی نەخراوەتە دەنگدانەوە.
رۆژی 10ی حوزەیرانی 2022، پەیجی کازم فارووق پەیامێکی لەبارەی "تێکچوونی دۆخی تەندروستیی" بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو، "دەرئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکان و راپۆرتە فەرمییە پزیشکییەکان لە دەرەوەی وڵات باس لە ھۆکارێکی سەیر و چاوەڕواننەکراو دەکەن کە بووەتە ھۆی نەخۆشکەوتنی د. کازم؛ ھەرچەندە ئەمە جێگەی سەرسوڕمانێکی زۆرە، بەڵام تاوەکو جێگیربوونی دۆخی تەندروستیی د. کازم زیاتر لەسەر ئەم بابەتە ناڵێین."
لەدوای تێکچوونی تەندروستی، هەواڵی ژەهرخواردکردنی کازم فارووق لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوویەوە، بەڵام نە خۆی و نەخێزانەکەی هیچیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە و راستیی ئەم بابەتە نیشاننەدرا، لەکاتێکدا لەماوەی ساڵی رابردوو و ئەمساڵ ژمارەیەک کەس باسیان لە ژەهرخواردکردنیان کردبوو و، هەمووشیان لە پارێزگای سلێمانی بوون، لەوانە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، عەتا سەراوی، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ