رووداو دیجیتاڵ
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە هاوکاریی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا و بە بەشداریی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رۆژی 27ی ئەم مانگە پەیمانگەی قورتبە بۆ ئاشتی - جنێڤ، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بۆ تاوتوێکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان رێکدەخات."
رۆژی چوارشەممە 26-10-2022 دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە "بەشێکە لە پرۆسەی پێداچوونەوەی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پلانی نیشتمانیی حکومەتی ئیتیحادی بۆ مافەکانی مرۆڤ لەڕووی زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان."
دیندار زێباری، كە هاوکات سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پلانی هەرێمی کوردستانە بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەبارەی بەشداریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەی خستەڕوو، "لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی ئیتیحادی، نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و سویسرا، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران بەشدارن."
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کۆی 389 راسپاردە بۆ هەرێمی کوردستان، 9 راسپاردە تایبەتن بە تاوانی بێسەروشوێنکردن لە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان."
بە گوتەی دیندار زێباری، "ئەم كۆبوونەوەیە دەرفەتێک دەبێت بۆ خستنەڕووی ئاڵنگاری و ئەو پێشكەوتنانەی بەدیهاتوون لە پرۆسەی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی بێسەروشوێنبوون کە بەشێکە لە پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ