رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند، دڵنیایی دەدەنە هاونیشتمانیان کە رێگەنادەن هیچ کەسێکی ناشایستە شوقە وەربگرێت.
رۆژی چوارشەممە 25ی ئۆکتۆبەری 2023 وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ 21 هەزار و 791 فۆڕم بۆ وەرگرتنی شوقەی بێ پێشەکی پڕکراونەتەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، ئەو کەسانەی فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، لە رێگەی کۆدی بەشداربوونەکەیانەوە دەتوانن گۆڕانکاری لە نێوەڕۆکی زانیارییەکانیاندا بکەن.
توانا بەشیر، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆسەی تۆمارکردن 30ی مانگی 11 کۆتایی دێت؛ لە 1ی مانگی 12وە بۆ ماوەی مانگێک سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و جیاکردنەوەی ناوەکان دەبین، بۆئەوەی شوێنەکان جیابکەینەوە بەگوێرەی ئەو شوێنەی کە داوا کراوە."
لەبارەی رێوشوێنی دابەشکردنی شوقەکانەوە، کە داواکارییەکان زیاترن لە ژمارەی یەکەکان، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، شاری زاخۆی بە نموونە هێنایەوە و گوتی، "ئەگەر لە زاخۆ 500 شوقە هەبێت و 5000 هاونیشتمانی داوایان کردبێت، ئەوە بەگوێرەی داتابەیس و ریزبەندیی ئێمە 500 ناو هەڵدەبژێرین، دواتر لیژنەیەکی لاوەکی لە زاخۆوە دێت کە ئامار، تاپۆ، ئاوەدانکردنەوەی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی لەگەڵدایە لێکۆڵینەوە لە ناوەکان دەکەن، رەنگە بڵێن 400 کەس شیاون و 100 ناوی دیکەی بۆ زیاد دەکەن و بۆ ئێمەی دەنێرن، لەسەر ئەو بنەمایە دابەشی دەکەین."
توانا بەشیر دڵنیایی دایە هاونیشتمانیان، رێگە نادەن کەسانی ناشایستە ببەنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوون و گوتی، "رەنگە خەڵک فۆڕمەکەی پڕکردبێتەوە و بڵێت کرێچییە و هیچی نییە، ئێستا نازانین، بەڵام دواتر لە رێگەی لیژنەکان و فەرمانگەکانەوە ناوەکەی ئاشکرا دەکرێت و رێگەنادەین ببێتە خاوەنی شوقە."
8ی ئابی 2023 دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، "هاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە کە پێگەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆرمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەم دەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، لە ئەمڕۆوە دەتوانن فۆرم پڕبکەنەوە."
ژمارەی شوقەکان 9004 شوقەیە؛ بەشێکیان 95٪ی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80٪ و بەرەو خوارتر تەواو بووە تاوەکو دەگاتە 13٪؛ ئێستاش "بەشێکی کەمیان" کاریان تێدا دەکرێت.
نرخی شوقەکان جیایە و بەگوێرەی پڕۆژەکانە؛ پێشەکییان نییە و ئەو پارەیەی بۆ نرخی شوقەکە دادەنرێت دابەشی سەر 300 مانگ دەکرێت. بۆ نموونە، ئەگەر شوقەیەک نرخەکەی 30 هەزار دۆلار (3 دەفتەر) بێت، ئەو کەسەی وەری دەگرێت مانگانە 100 دۆلار قیستی لێ وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ