سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سەر ئێران: داوا لە هەموو لایەک دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن

26-10-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئاسمانییانە دەکات، کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئێرانیان کردە ئامانج و، داوا لە هەموو لایەک دەکات دان بەخۆیاندا بگرن.
 
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە، 26-10-2024) سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا جگە لەوەی داوای لە هەموو لایەک کرد دان بە خۆیاندا بگرن، هەروەها دەڵێ "هەموو هەوڵێک بدەن بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری پێکدادان و ئاڵۆزییەکان."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جەختیش دەکاتەوە لەوەی "پەرەسەندنی شەڕ و لێکەوتەکانی، هەڕەشە لە سەقامگیريی تەواوی ناوچەکە دەکات." 
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکەنە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران."
 
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بارەگای بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو، "سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام."
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانیی وڵاتەکە "سەرکەوتوو" بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەکەی لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زەویی جووتیارانی کورد لە سنووری مادەی 140

هادی عامری بڕیارێکی لە بارەی زەویی جووتیارانی کورد لە خورماتوو دەرکرد

وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بەڕێوەبەرایەتیەکانى لە کەرکووک و دیالەو سەلاحەدین ئاگادار دەکاتەوە کە گرێبەستى کشتوکاڵى بۆ ئەو زەوییانە نوێ نەکەنەوە، کە یاسای گەڕانەوەى موڵک و ماڵ دەیانگرێتەوە، سەرۆکى لیژنەى مادەى 140یش بە نووسراوێک ئەو وەزارەتە ئاگادار دەکاتەوە کە خورماتوو دەکەوێتە سنوورى مادەى 140 و زەوییەکانى بە بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیی شۆڕش بەناو کراون.