رووداو دیجیتاڵ
لەو کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەی ئەمڕۆ کشانەوەی هێزەکانی پەکەکەی لە تورکیا تێدا راگەیێندرا، ئەندامێکی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە داوای کرد، ئەو کۆمیسیۆنەی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکهێندراوە سەردانی ئیمرالی بکەن و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 26-10-2025 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بناری قەندیل لە پارێزگای سلێمانی، پەکەکە کشانەوەی لە تورکیا بۆ "هەرێمەکانی پاراستنی میدیا" رایگەیاند. لە کۆنفرانسەکەدا سەبری ئۆک، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەڤانانی دایەوە.
سەبری ئۆک گوتی، ئەوان هەنگاوی کردارییان ناوە و داوای لە حکومەتی تورکیا کرد، "یاسای تایبەت دەربکەن بۆ پرۆسەی ئاشتی نەوەکو یاسای لێخۆشبوون".
نێوەڕۆکی گفتوگۆی سەبری ئۆک و رۆژنامەڤانان
پرسیار: لە راگەیێندراوەکەدا باستان لە پێویستی یاسایی کرد کە دەبێت جێبەجێ بکرێن، لەو چوارچێوەیەدا هەندێک یاسا تایبەت بە پەکەکە جێبەجێ بکرێن بە روونی مەبەستتان چی بوو؟
سەبری ئۆک: پرسەکە تاوەکو ئەمڕۆ بەشێوەیەکی باش هاتووە، لە چوارچێوەی تایبەتمەندی هەنگاوەکەدا هەندێک یاسا و کاروباری یاسایی کاتیی دەبێ جێبەجێ بکرێن، ئەوەی تاوەکو ئەمڕۆ ئێمە کردوومانە دەبێت لەبەرامبەریدا هەندێک شت بکرێن، یان راستکردنەوەی یاسایی ببینین، هەنگاوەکەش بەردەوامە و تەواو نەبووە، چەند هەنگاوی زیاتر بۆ بنرێت خێراتر پرۆسەکە بەڕێوەدەچێت. ئێمەش داوای هەندێک یاسای تایبەت دەکەین، نەوەکو لێخۆشبوون. ئەوە تێکۆشانێکی 50 ساڵییە و تاوەکو ئەمڕۆ هاتووە، بە هەوڵی زۆر گەورەی رێبەر ئاپۆ گەیشتووە بە ئێرە، ئێستا گەیشتوونەتە قۆناخێکی گرنگ، دەبێت بۆ ئێستا هەندێک یاسای تایبەت و راستکردنەوەی تایبەت هەبن، چونکە پرۆسەکە خاوەن تایبەتمەندییە. رای گشتیی چاوەڕوانی ئەوەیە ئەم هەنگاوانە دەنرێن چی گرنگ بەدوای خۆیاندا بهێنن، خەڵک چاوەڕێیە بزانێت چی دەبێت، ئاساییە خەڵکیش بپرسێ ئەم هەنگاوانە ئەنجامی چی دەبێت؟ لایەنی دەسەڵاتی دەوڵەتی تورک ئەمە ببینێت و بەرپرسیارییەتییەک کە دەکەوێتە سەر شانی جێبەجێی بکات.
پرسیار: داواکاریی ئێوە چییە لە حکومەتی تورکیا دوای ئەم هەنگاوە؟ ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەنە مەرج بۆ هەنگاوی سێیەم؟
سەبری ئۆک: لە مێژووی تێکۆشانی گەلاندا نموونەیەک نییە کە سەرۆکی گەلێک، سەرۆکی رێکخستنێک لە زیندانەوە هەوڵی چارەسەری پێش بخات، ئەو کەسانە یان هەلومەرجی ئازادیان بۆ رەخساوە، یان راستەخۆ ئازاد کراون، رێبەر ئاپۆ ئێستاش نەگەیشتووە بە ئازادیی جەستەیی، لەکاتێکدا کارێکی زۆر مێژوویی دەکات، پێویستە رێبەر ئاپۆش رۆژێک زووتر بگاتە ئازادیی جەستەیی.
کۆمیسیۆن لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، هەنگاوێکی گرنگ بوو، زۆر لایەن پێکەوە کۆمیسیۆنیان پێکهێناوە ئێمەش بە ئەرێنی دەیبینین، بەڵام خەباتیان بە گوێرەی چاوەڕوانیی ئێمە نەبووە، رۆژێک زووتر دەبێ کۆمیسیۆنەکە بچنە لای رێبەر ئاپۆ و گوێی لێبگرن، هەنگاوە راستەکە ئەوەیە، یەکێک ئەو پرۆسەیەی پێشخست و رۆڵی گەورەی لەلایەنی ئێمەوە هەبوو رێبەر ئاپۆ بوو. هیوامان ئەوەیە زووتر بچن گوێ لە رێبەر ئاپۆ بگرن. هیوای ئێمە لەسەر بنەمای ئەوەیە، هەرکەسە و ئەرکی خۆی پێکبهێنێت.
پرسیار: ئەگەر ئەنقەرە دوای ئەم هەنگاوەی ئێوە داواکانی ئێوەی جێبەجێ نەکرد هەڵوێستتان چی دەبێت؟
سەبری ئۆک: پێویستە ئەرێنی بین.. چاوەڕوانیی ئێمە ئەوەیە، ئەو هەنگاوە مێژووییانەی ئێمە دەینێین، لە بەرامبەری دا هەموو کەسێک بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت.
پرسیار: پێشتر هەنگاوتان ناوە و چەکتان سووتاندووە، ئەمڕۆش ئەم هەنگاوەتان ناوە، چاوەڕوانیی ئێوە چییە لە تورکیا؟ ئایا [هێزی] تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوردستان دەکشێنەوە؟
سەبری ئۆک: ئێمە لەسەر راستین و تێکۆشانی خۆمان دەکەین، دیسان هیوامان وایە هەموو کەسێک بەرپرسیارێتیی خۆی جێبەجێ بکات. ئەگەر هەرکەسێک وەکو ئێمە بە باوەڕی و لەسەرخواستی خۆی ئەرکی خۆی پێکبهێنێت بابەتەکە چارەسەر دەبێت، کاریگەری لەسەر باشووری کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەبێت. ئێمە ئێستاش لەسەر هێڵی باوەڕیی خۆمان خاوەن بڕیاری جێگیرین، هیوادارین هەموو لایەنێکی پەیوەندیدار، لەنێویاندا دەوڵەتی تورکیاش ئەمە ببینێت و بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.
رێبەر ئاپۆ لەزینداندا بێت و پرسی کورد چارەسەر ببێت راست نییە و نابێت، پێویستە رێبەر ئاپۆ ژیانێکی ئازاد، خەبات لە هەلومەرجێکی ئازاد دا بەکاربهێنێت، بەگشتی و بە جەستەیی بگات بە ئازادی خۆی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ