رووداو دیجیتاڵ
55 کەس لە کەسوکاری چەکدارانی داعش لە کەمپی هۆل هێندرانە دەرەوە. هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری کۆچبەران و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەڵێت: "هەمووی ئەوانە سەربەست کراون دەنێردرێنەوە ناوچەکانی خۆیان".
شێخمووش ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری کۆچبەران و پەنابەران لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "12 خێزان لە کەمپی هۆل دەکراون و دەگوازرێنەوە ناوچەکانیان، کە سەرجەمیان 55 کەسن".
کەمپی هۆل لە شاری حەسەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان، کەمپەکە خێزان، منداڵان و کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدایە و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەد)ـەوە پاسەوانی دەکرێت.
شێخمووس ئەحمەد گوتی: "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران 12 خێزانی داعشی سووری لە کەمپی هۆل دەرهێنراون و بەهۆی دۆخی مرۆییەوە رەوانەی ناوچەکانیان دەکرێنەوە، کە خەڵکی حەلەب، دێرەزور، حومس، حەما، ئیدلب و دەرعان".
بەگوتەی هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری کۆچبەران و پەنابەران، ئەمە دەبێتە سێیەم کاروانی کەسوکاری چەکدارانی داعش، کە لەم ساڵدا بەهۆکاری جیا لە کەمپەکە دەرهێندرابن؛ دوو کاروانەکەی دیکە خەڵکی دێرەزور بوون.
بەگوێرەی ئاماری ئەو کەمپانەی کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدان، لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ لە سنوورەکە چوار هەزار و 200 خێزانی سووریایی دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ