پارێزگای دهۆک: ئەو گوندانە ئاوەدان دەکەینەوە کە بەهۆی شەڕەوە چۆڵکرابوون

26-10-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە 30 ساڵی دواییدا بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکەوە زیاتر لە هەزار گوند چۆڵکرابوون، بەرپرسانی پەیوەندیدار لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دەڵێن، شەڕ نەماوە و دەستی ئاوەدانی دەگەیێننە گوندەکان.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە دوای ساڵانی 1990ـەوە لە سنووری ئامێدی 195 گوند، لە سنووری ئاکرێ 25 گوند، لە سنووری زاخۆ 25 گوند و لە قەزای شێخانیش 10 گوند بەهۆی شەڕەوە چۆڵکراون.
 
ماجید سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پرۆسەی ئاشتی کاریگەری باشی هەبووە و ئێستا خەڵک زیاتر دەگەڕێنەوە گوندەکانیان.
 
جێگری پارێزگاری دهۆک گوتی: "حکومەت داوا لە خەڵکی ئەو گوندانە دەکات کە پێشتر بەهۆی شەڕەوە چۆڵکرابوون بگەڕێنەوە، هەر گوندێک خەڵکەکەی بۆی بگەڕێتەوە هەر کەموکورتییەکی هەبێت بە دڵنیاییەوە حکومەت بەگوێرەی توانا بۆیان جێبەجێ دەکات".
 
بەهۆی هەمان شەڕەوە، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە سەر بە پارێزگای هەولێرە 183 گوند چۆڵکراون.
 
 
هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی پرۆسەی ئاشتی و راوەستانی شەڕ و بۆردوومانەوە سەرقاڵی دروستکردنی پڕۆژەی قیرکردنین بۆ چەند گوندێک، کە پێشتر هاتووچۆ بۆیان قەدەخەبوو".
 
ئەو رێگەیەی هەژار حەکیم باسی دەکات، رێگەی (بۆڵێ)یە کە ستراتیژییە و 11 گوندی لەسەرە، ئەو گوندانە پێش پڕۆسەی ئاشتی ناوچەی قەدەخەکراو بوون.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: "بۆ گەڕانەوەی خەڵکی هەموو گوندەکان کە پێشتر چۆڵکراون زووە، بەڵام ئێستا بەشێکی گوندنشینان مەڕدارن و هاوینان دەگەڕێنەوە گوندەکان و زستانان دەچنەوە شارەکان".
 
یەکێک لەو ناوچانەی چەند جارێک لەلایەن تورکیاوە بۆردوومان کراوە، قەزای پێنجوێنە لە پارێزگای سلێمانی. هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزاکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەدوای پرۆسەی ئاشتییەوە سنوورەکەمان ئارامە و هیچ بۆردوومانێک نەبووە".
 
11ـی تەمموزی ئەم ساڵ، بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان، گرووپێک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند و لەوکاتەوە هێرش و بۆردوومان لە هەرێمی کوردستان نەماوە.
 
ئەمڕۆ 26-10-2025 پەکەکە رایگەیاند، وەکو قۆناخی دووەمی هەنگاوەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، تەواوی گەریلاکانیان لە تورکیا دەکشێننەوە بۆ "هەرێمەکانی پاراستی میدیا".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە