رووداو دیجیتاڵ
لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگاکانی سنە و ورمێ، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
یەکێک لە رووداوەکان ئێوارەی دوێنێ شەممە 25-10-2025 لەسەر رێگەی کامێران - سەوڵاوای سەر بە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەنێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پیژۆ 405 روویداوە.
حەمیدڕەزا عەبدولمەلکی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگاکە لەوبارەوە رایگەیاند، ''بەداخەوە سێ لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە، دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.''
بە گوتەی حەمیدڕەزا عەبدولمەلکی، دوای دەرهێنانەوەی، بریندارەکە گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی سینای کامێران و تەرمەکانیش گواستراونەتەوە بۆ دادپزیشکیی شارەکە.
هاوکات لەسەر رێگەی ورمێ - سێرۆی سەر بە پارێزگای ورمێ، بارهەڵگرێکی دیکە خۆی بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری نیساندا کێشاوە و بەو هۆیەوە، کەسێک گیانی لەدەستداوە.
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی مانگی سووری پارێزگاکە دەڵێت، بەهۆی رووداوەکەوە دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، کە دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی، رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ کران.
بەگوێرەی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ