عەلی باپیر: پێویستە تورکیا وەڵامی هەنگاوە نوێیەکەی پەکەکە بداتەوە

26-10-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هەنگاوە نوێیەکەی پەکەکە بۆ راگەیاندنی کشاندنەوەی هەموو هێزەکانی لە تورکیا بە ئەرێنی دەزانێت و دەڵێت، ''پێویستە تورکیاش بە ئەرێنی وەڵامی ئەو هەنگاوە بداتەوە.''
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-10-2025، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە دانیشتنێکدا بە ناوی ''کورد، برایەتی و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە تورکیا'' کە لە ئامەد بەڕێوەچوو، گوتارێکی پێشکێشکرد و کۆمەڵێک پرسی ناوچەیی و نێودەوڵەتی خستە بەر باس.
 
عەلی باپیر تیشکی خستە سەر پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و رایگەیاند، ''لە هەر شوێنێک ستەم هەبوو، بەرەنگاربوونەوەش دەبێت. واتا ئەو گەلانەی ستەم لە کورد دەکەن، دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بن کە کورد بەرەنگاری ستەمەکە ببێتەوە.''
 
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان باسی لە هەنگاوەکەی ئەمڕۆی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد بۆ راگەیاندنی ''کشاندنەوەی هەموو هێزەکان''ـیان لە تورکیا و گوتی، ''هەنگاوەکە جێگەی دڵخۆشییە. هەڵبەت پێویستە تورکیاش بە ئەرێنی وەڵامی ئەو هەنگاوە بداتەوە. ئەگەرنا هەر پەکەکە هەنگاو بنێت و ئەوان (تورکیا) بکشێنەوە، ئەوە پڕۆسەی ئاشتەوایی سەرناگرێت''.
 
عەلی باپیر جەختی لەوە کردەوە: ''ئێستا تاوەکو رادەیەکی زۆر ئەو قەناعەتە دروست بووە کە بەکارهێنانی چەک و هێز سوودی نییە، بۆیە دەستخۆشی  ە پەکەکە دەکەم کە لەگەڵ تورکیا کەوتوونەتە دانوستاندن و ئاشتەوایی .''
 
27ی شوباتی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا داوای لە پەکەکە کرد، چەک دابنێت و کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، دواتر پەکەکە رایگەیاند، 5 بۆ 07ـی ئایار، کۆنگرەی 12ی بەڕێوەبردووە و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە.
 
11ـی تەممووزیش، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە وەک "نیازپاکی" بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا چەکەکانیان سووتاند.

 

 
 
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان داوا لە تورکیا دەکات، ''ئەوانیش بە ئەرێنی وەڵامی هەنگاوەکانی پەکەکە بدەنەوە، بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی چی دیکە بە سستی بەڕێوەنەچێت.''
 
عەلی باپیر باس لەوە دەکات، ''نابێ تورکیا پڕۆسەکە وا لێکبداتەوە کە کورد لە باکووری کوردستان لێی قەوماوە و بێهێزە، بەڵکو پێویستە هەردوو لا بە دڵسۆزییەوە لێکدانەوە بۆ پڕۆسەی چارەسەری بکەن، متمانەیان بە یەکدی هەبێ و ئومێد بە خەڵک ببەخشن.''
 
لە دوایین هەنگاودا ئەمڕۆ یەکشەممە کۆمەڵێک گەریلا بەناوی "بەڕێوەبەری تەڤگەریی ئازادیی [پەکەکە]ـەوە رایانگەیاند، "بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر [پەکەکە] بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی، لە قۆناخی دووەمدا هەموو هێزەکانی گەریلای لە تورکیاوە کشاندەوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی میدیا". 
 
''پێویستە لە هەرێمی کوردستان دوو ئیدارەیی نەمێنێ''
 
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان باسی لە دۆخی هەرێمی کوردستانیش کرد و گوتی، ''هیوادارم پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش چی دیکە بە دوو ئیدارەیی ئەو پارچەیەی کوردستان بەڕێوەنەبەن و بەرەو تەبایی زیاتر بڕۆن.''
 
عەلی باپیر تیشکی خستەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی پار کرا و کۆمەڵ تێێدا 3 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر پارتەکە بایکۆتی پەرلەمانی کرد. سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، ''هەڵبژاردنەکە ساختە بوو و بە دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ بەڕێوەچوو، بۆیە بایکۆتی پەرلەمانمان کرد و تێیدا بەشدار نابین.''
 
''هیوادارم لە ئێرانیش پڕۆسەیەکی ئاشتەوایی بۆ پرسی کورد دەستپێبکات''
 
عەلی باپیر باسی لە دۆخی کورد لە پارچەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانیش کرد و گوتی، ''هیوادارم لە ئێرانیش وەک ئەوەی لە تورکیا هەیە، بە دەستپێشخەریی حکومەت یان حیزبە رۆژهەڵاتییەکان هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بنرێت و چیدیکە ئێران بیر لە چارەسەری ئەمنی و سەربازی نەکاتەوە.''
 
بەگوتەی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، پێویستە حکومەتی ئێران بەو چاوە بڕوانێتە پرسی کورد کە ''ئەویش مافی خۆیەتی لە وڵاتی خۆیدا وەک فارس و تورک ژیان بکات و هەموو مافەکانی دەستەبەر بکرێن. بێگومان ئەوە سەربەرزییە بۆ ئێران و گەلی کورد، حکومەتەکەش بەو تەباییەی پێکهاتەکان پتەوتر دەبێ.''
 
هەرچی پرسی کوردە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، عەلی باپیر پێیوایە، دەبێ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر بگەنە ئەو قەناعەتە کە ''نابێ یەکدی پاکتاو بکەن، ئەوەش تەنیا کاتێک دەستەبەر دەبێ کە هەردوو لا خۆیان بۆ دڵسۆزیی وڵاتەکە یەکلایی بکەنەوە.''
 
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ''پێویستە هەسەدە و حکومەتی سووریا بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەبەرچاو بگرن. واتا پرسی خۆیان گرێ نەدەنەوە بە سیاسەتی وڵاتانی دیکە.''
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە