رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی داربڕین لە سنووری رواندز، قایمقامی قەزاکە هۆشداری دەدات و داواش لە هاونیشتمانییان دەکات لەکاتی بینینی هەر سەرپێچییەک ئاگاداریان بکەنەوە.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەو کەسانەی دار دەبڕنەوە و رایگەیاند، هەرکەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر ژینگە و سرووشتی ناوچەکە، رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکرێتەوە و سزا دەدرێت.
هاونیشتمانییەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەکاتی سەیرانکردن لە بناری چیای هەندرێن و نزیک گوندی کاولۆکان، بینیویەتی ژمارەیەک دار بڕاونەتەوە کە شوێنی بڕینەوەی هەندێکیان "نوێ بووە."
ئەحمەد قادر بە رووداوی راگەیاند: "تیمەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە بەردەوام چاودێریی دۆخەکە دەکەن و بەدواداچوون بۆ هەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە دەکەن."
قایمقامی رواندز جەختی کردەوە، "هەر کەسێک زێدەڕۆیی بکاتە سەر ژینگە و سرووشتی جوان و دڵڕفێنی ناوچەکەمان، بە دڵنیاییەوە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و سزا دەدرێت."
ئەحمەد قادر داوا لە هاونیشتمانییانی سنوورەکەش دەکات، کە هاوکاریان بن و گوتی: "پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموومانە. بۆیە داواکارین هەرکەسێک حاڵەتی داربڕین یان هەر جۆرە سەرپێچییەکی ژینگەیی بینی، راستەوخۆ قایمقامیەت یان بنکەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە ئاگادار بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین رێکاری یاسایی پێویست بگرینەبەر و سەرپێچیکاران سزا بدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ