رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ گەورەترین پڕۆژەی ئاژەڵداری بەناوی "پڕۆژەی مێگەل" لە هەولێر لەسەر نزیکەی ملیۆنێک مەتر دووجا بکرێتەوە. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، "هەزار هەلیکار دەڕەخسێنێت و لە یەک کاژێردا توانای سەربڕینی زیاتر لە 3 هەزار ئاژەڵی هەیە."
پڕۆژەکە دەکەوێتە سەر رێگەی گوێڕ – هەولێر بە دووریی 20 کیلۆمەتر لە ناوەندی شارە لەسەر رووبەری 916 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە.
پڕۆژەکە لە ساڵی 2022 دەستکراوە بە دروستکردنی و مۆڵەتی دەستەی وەبەرهێنانی بە ژمارە (1187) وەرگرتووە.
بڕیارە ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پڕۆژەکە بە فەرمی بکرێتەوە.
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئەمرۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پڕۆژەکە بە تێچووی نزیکەی 100 ملیۆن دۆلار دروستکراوە." گوتیشی: "پڕۆژەکە دەبێتە سەنتەرێکی بازرگانی هاوچەرخ بۆ هێنان، ناردن، کڕین و فرۆشرتنی مەڕ، بزن و رەشەوڵاخ، نەوەکو تەنیا کوردستان، بۆ هەموو عێراق".
پرۆژەکە، هەلیکار بۆ زیاتر لە هەزار کەس دەڕەخسێنیت. گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: "لە کارکردنی پڕۆژەکەدا رەچاوی هەموو خاڵە پێویستییەکانی تەندروستی و ژینگەیی کراوە".
پڕۆژەکە لە یەک کاژێردا توانای سەربڕینی 3 هەزار مەڕ و 400 سەر وڵاخی بە ستانداردی جیهانیی هەیە، لە پڕۆژەکەدا ژمارەیەک کارگە هەن، لەوان بۆ چاککردنی سەروپێی ئاژەڵ، هەڵگرتن و خۆشکردنی پێستەی ئاژەڵ، خاوێنکردنەوەی ورگ و ریخۆڵە، ئامێرە جیاوازەکان بۆ پاڵاوتن و خاوێنکردنەوەی خوێن و پیسایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ