رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی یەکشەممە 26-11-2023 پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای شەش ساڵ بارەگەی لقەکەی لە کەرکووک کردەوە.
لەکاتی کردنەوەی بارەگەی لقی سێ، بەشێک لە بەرپرسان و جەماوەری ئەو حیزبە لە بارەگەکە ئامادەبوون و دوای کردنەوەی بارەگەکەش دەستیان بە بانگەشەیەکی بەرفراوانی هەڵبژاردن کرد.
رۆژی 05-11-2023، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئامادەبوونی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی، بارەگەکانی وەرگرتەوە. بارەگەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک - گەرمیانیشی پێشکێشی زانکۆی کەرکووک کرد.
وەرگرتنەوەی بارەگەکان دوای ئەوە هات محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە گەڕانەوەی سەرجەم ئەو بارەگە و خانووانەی پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستانی تێدابوون و دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 ئەوانی تێیدا نەمابوون.
بڕیاربوو لە ئابی ئەم ساڵدا پارتی بارەگەکانی لە کەرکووک وەربگرێتەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی محەممەد شیاع سوودانی، بەڵام لە 27ـی ئابدا ژمارەیەک عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکی شارەکە و هەولێریان داخست و لەسەر رێگەکە چادریان هەڵدا و پاساویان ئەوەبوو؛ دژی گێڕانەوەی بارەگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن لە کەرکووک.
دوای چەند رۆژێک و لە 2ـی ئەیلوول، هاونیشتمانییانی کەرکووک دژی داخستنی رێگەی شارەکەیان و هەولێر خۆپێشاندانیان کرد، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک بە گوللـە وەڵامی خۆپێشاندەرانی کوردیان دایەوە و لە ئەنجامدا چوار کەس شەهیدبوون و 15 کەسیش بریندار بوون.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەرچەند بە فەرمی نەگەڕابووەوە کەرکووک، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە 10ـی ئۆکتۆبەری 2021، کەمپەینی هەڵبژاردنی لە کەرکووک بەڕێوەبرد و دوو نوێنەری لە پارێزگاکە دەرچوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ