شاندێکی حکومەت سەردانی بەغدا دەکات؛ مووچە پرسی سەرەکی دەبێت

26-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بڕیارە سبەی دووشەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ سێ مانگی داهاتوو یەکێک لە دیارترین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت. 
 
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و ژمارەیەک وەزیر و بەرپرسی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو قەرزانەی لە چەند مانگی رابردوو بۆ هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران نێردراون، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، مووچەی سێ مانگی ئەم ساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەن.
 
لەبارەی سەردانەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023 سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆسیەی زۆر هەن هەردوو حکومەت باسی بکەن، لەوانە مووچەی فەرمانبەران، بەتایبەت ئەو قەرزەی کە حکومەتی عێراق بۆ تەرخانکردنی مووچەی فەرمانبەران دەینارد نامێنێت، کەچی هێشتا مووچەی سێ مانگی ئەم ساڵ دەمێنێت بە فەرمانبەران بدرێت، بۆیە باسی ناردنی مووچەی فەرمانبەران و جیاکردنەوەی لە شایستە داراییەکان دەکرێت."
 
بە گوتەی سۆران عومەر، مانگی داهاتووش هەردوولا کۆدەبنەوە و بابەتی زیاتر هەیە بەتایبەت پاکتاوکردنی حیساباتی شەش مانگی ئەم ساڵ و "دوای ئەوە دەردەکەوێت کێ قەرزاری کێیە و کێ دەبێت پارە بداتە کێ."
 
یاسای بودجەى گشتی لە 12ى حوزەیران لە پەرلەمان پەسند کرا، لە 26ى هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە، پارەکەى 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە.
 
7ى ئابى 2023، رێنوێنیی جێبەجێکردنى یاسای بودجەى گشتیى عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025 لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە، کە لەلایەن تەیف سامى، وەزیرى داراییەوە واژۆ کراوە، بەوەش یاساکە بە تەواوى کەوتە وارى جێبەجێکردنەوە.
 
هەرێمی کوردستان دەڵێت، شایستەداراییەکانی لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە و ئەوەی هەیە دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینارە، کە بە قەرز بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تەرخانکدەکرێت، کەمیی پارەی بەردەستیش وەکو حکومەتی کوردستان رایگەیاندووە، وایکردووە نەتوانرێت مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا دابەشبکرێت. هەرچەندە ئێستا لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمین، بەڵام هێشتا فەرمانبەرانی کوردستان مووچەی مانگی ئەیلوولیان وەرنەگرتووە.
 
رۆژی 2ـی ئەم مانگە، 450 ملیار دینار لەلایەن بانکەکانی رافیدەین و رەشیدەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەوەش وەک بەشێک لەو 700 ملیار دینارەی کە حکومەتی عێراق بۆ مووچە بۆ ماوەی سێ مانگ دەینێرێت؛ دواتر 6ـی مانگ 250 ملیار دیناری لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و بۆ مووچەی مانگی ئاب خەرجکرا.
 
دوایین 700 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە بە قەرز دابین دەکرێت، کە لە ئەگەری ناردنیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی ئەیلوولی فەرمانبەرانی پێ دەدات.  
 
بۆ مانگەکانی 10، 11 و 12 حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفەرمی داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دیناری دیکەیان بە قەرز پێ بدەن، بۆ ئەمەیان هێشتا هیچ وەڵامێک نییە و لەگەڵ چوونەوەی شاندی هەرێمی کورستان بۆ بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. 
 
رۆژی 14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد ، دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. تاوەکو ئەمڕۆ دوو جار پارەکە نێردراوە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە یەک گوژمەی دیکەی 700 ملیاری ماوە بۆ ئەم ساڵ.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە