گوتەبێژی یەکێتی: چوونی مامۆستایانی ناڕازی بۆ بەغدا سیاسییە

26-11-2023
پەیمان محەممەد
 سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی یەکێتی چوونی مامۆستایانی ناڕازی بۆ بەغدا بە ''مەبەستی سیاسیی دژبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان'' دەزانێت و دەڵێت، ''باشترە مامۆستایان شێوازێکی دیکە بۆ دەربڕینی نیگەرانییەکانیان هەڵبژێرن.''
 
رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشیکرد، لەبارەی چوونی مامۆستایانی ناڕازی بۆ بەغدا رایگەیاند، ''داواکاریی مامۆستایان مافێکی رەوایە، بەڵام چوون بۆ بەغدا هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، بۆیە پێموایە ئەمە [هەوڵێکی] سیاسییە و ورووژاندنی بابەتێکە لەلایەن نەیارانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.'' 
 
زیاتر لە 70 رۆژە مامۆستایانی وانەبێژ و میلاکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگاکانی هەڵەبجە، سلێمانی، ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین، گەرمیان و قەزای کۆیە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کردووە، سەعدی ئەحمەد پیرە پێیوایە، ''پێویستە مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، بۆ ئەوەی سزای ئەو هەموو قوتابییە نەدرێت کە خەریکە ساڵێکی خوێندنیان بەفیڕۆ دەچێت، ئێمەش لە نیگەرانییەکانیان تێدەگەین و هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە دەدەین.''
 
بڕیار بوو ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی داواکارییەکانیان ببەنە بەغدا، بەڵام لە بازگەکانی عێراق رێگرییان لێکرا. بەشێک لە مامۆستایان دەڵێن رێگریکردنەکە بە رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کراوە.
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەتیدەکاتەوە یەکێتی و پارتی دەستیان لەو رێگرییەدا هەبێت و گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕیارێکی بۆ رێگری لە هاتووچۆی مامۆستایانی ناڕازی نەبووە، تەنیا ئەوەندەیە چوونی مامۆستایانی ناڕازی بۆ بەغدا بە دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە."
 
مامۆستایانی ناڕازی رێگریکردنی بازگەکان بە جۆرێک لە بێ هیوایی دەزانن لەوەی کە بەغدا کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات و هەوڵێکە بۆ جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان کە بریتین لە پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان. 
 
سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت: ''هەر هەوڵێکی مامۆستایانی ناڕازی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچە دروستە، جگە لە بایکۆت و مانگرتن.''
 
رۆژی شەممە، 25-11-2023 شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی حیزبەکە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەری کرد، گوتەبێژی یەکێتی لەبارەی ئامانجی سەردانەکە دەڵێت: ''ئەمە راسپاردەی کۆنگرەیە کە سەردانی هەموو لایەنەکان بکەین. دوێنێ زۆر راشکاوانە باسی هەموو بابەتەکانمان کرد، مەسەلەی چارەسەرکردنی مووچە، پارێزگاریی لە قەوارەی هەرێمی کوردستان، رێگریکردن لە هەوڵدان بۆ بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان و پاراستنی قەبارەکەی لەو شەڕ و پێکدادانەی، کە هەیە.''
 
دوای کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە لەنێوان یەکێتی و پارتی دەستیپێکردووەتەوە و لە رۆژی 7ـی ئەم مانگە لە ئاستی باڵادا کۆبوونەوە. وەک سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەیدا، ''لە کۆبوونەوەکەدا باسی ئەوە کراوە پێویستە گلەیی، ناکۆکی و کێشەکانیان لە مەلەفی سیاسی، ئیداری و ئەمنیدا پۆلێن بکرێن و بەپێی ئەولەوییەت لەکۆبوونەوەی داهاتوودا خشتەیەک بۆ چارەسەرکردنیان دابنرێت.''
 
گوتەبێژی یەکێتی لەبارەی کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتی و پارتی گوتی: "لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکرێت و تێیدا چارەسەرکردنی مەلەفی ئیداری و ئەمنیی هەرێمی کوردستان کاری لەپێشینە دەبن".
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.