11 کەس لە هێرشی هەسەدە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە سەرێکانی کوژران

26-11-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا دەڵێن، لە هێرشی هێزەکانی سووریایی دیموکرات (هەسەدە)ـدا بۆ سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا لە ناوچەیەکی سەرێ کانیی رۆژئاوای کوردستان، 11 کەس کوژراون، لە نێویاندا ژنێک و دوو منداڵ هەن.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هێرشەکە لە ناوچەی ساڵحییە بووە لە نزیک گوندی عەریشەی سەرێ کانی کە دەکەوێتە نێو سنووری ئۆپەراسیۆنی بەناو "کانیی ئاشتی" لە باکووری رۆژئاوای حەسەکە. 
 
وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن، هێزەکانی هەسەدە هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەکی سەربازی کە گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیا بۆ بە قاچاخبردنی خەڵک بۆ تورکیا بەکاریاندەهێنا و سێ چەکداری لایەنگری تورکیایان کوشتووە. پاشان بارەگاکەیان بۆمبڕێژکردووە و لێی کشاونەتەوە. دواتر هەسەدە بارەگاکەی تەقاندووەتەوە و هەشت کەسی دیکە بەو هۆیەوە کوژراون، کە چواریان چەکدار و چواریان سڤیل بوون. سڤیلەکان پێکهاتبوون لە ژنێک لەگەڵ دوو منداڵەکەی و پیاوێک. لە هەمان تەقینەوەدا پیاوێکی دیکەی سڤیل بریندار بووە. 
 
رۆژی یەکشەممەش 15 چەکداری لایەنگری تورکیا لە هێرشێکی هەسەدەدا لە دەوروبەری حەلەب کوژران. 
 
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنی بەردەوامدایە دژی شانە نووستووەکانی داعش. 
 
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن ئەنقەرەوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت. 
 
تورکیا و گرووپە چەکدارە سوورییەکانی لایەنگری لە ساڵی 2016ـەەوە بەشێکی باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستانیان کۆنترۆڵکردووە، ئەوەش دوای ژمارەیەک لەشكرکێشیی یەک لەدوای یەک کە  زۆربەیان دژی هەسەدە بوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی: چاودێری ئەو پارەیە دەکەین کە بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو کۆدەکرێتەوە

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو پارەیەی لە هەڵمەتی رووداو بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە، دەچێتە سەر هەژمارێکی بانکیی حکومی و وەک داهاتی گشتی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بە شەفافی بەڕێوەدەبرێت.