رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەشی بەبازاڕکردن لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، بەهۆی قۆڕخکارییەوە نرخی هێلکە بەرزبووەتەوە. راشیگەیاند: "نرخی تەبەقەیەک هێلکە لە بازاڕەکاندا لەنێوان 6 بۆ 7 هەزار دینارە."
رۆژی چوارشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2025، زیاد تاریق قاسم، بەڕێوەبەری بەشی بەبازاڕکردن لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە (رووداو)ی راگەیاند: "نرخی تەبەقەیەک هێلکە لە بازاڕەکاندا لەنێوان 6 بۆ 7 هەزار دینارە، بەڵام هۆکارەکەی قۆڕخکارییە نەک کەمیی بەرهەم." گوتیشی: "بەرهەمی ناوخۆیی بەشی پێداویستیی هەموو عێراق دەکات و پێویست بە هاوردەکردن ناکات."
وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش رایگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەش لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تاوانی رێکخراو و ئاسایشی نیشتمانی، گەڕانی مەیدانییان کردووە و ژمارەیەک بازرگانیان دەستگیر کردووە کە یارییان بە نرخەکان کردووە و رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر گیراوەتە بەر.
هاوکات هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نرخی هێلکە لە کوردستانیش گران بووە و ئێستا تەبەقەی هێلکە گەیشتووەتە 6 هەزار دینار."
لە پارێزگای هەولێر رۆژانە 13 هەزار کارتۆنی هێلکە بەرهەم دەهێندرێت، لە کاتێکدا پێداویستیی ناوخۆی پارێزگاکە 4 هەزار کارتۆنە. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر هۆکارەکەی بۆ زیادبوونی خواست و دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکان گەڕاندەوە و گوتئ "لە زانکۆ و قوتابخانەکان و زانکۆکاندا نانی بەیانییان زیاتر ئامادە دەکرێت."
بە گوتەی هۆگر عەلی، لیژنەکانی بەدواداچوون بەردەوامن لە گەڕانە مەیدانییەکانیان لەنێو بازاڕ و هەر دووکانێک سەرپێچی بکات، رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئەسکەندەر جەلیل، بەڕێوەبەری پڕۆژەی هێلکەی خواردنی ئیلهام لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە رووداوی گوت: "لە ماوەی رابردوو نەخۆشییەک لەنێو پەلەوەرەکان بڵاوبووەوە کە بووە هۆی ئەوەی زۆربەی خاوەن پڕۆژەکان مریشکەکانیان پاک بکەنەوە، تاوەکو دووبارە توک دانێنەوە؛ ئەمەش بەرهەمی کەم کردەوە."
پێشتر کارتۆنی هێلکە بە 57 بۆ 62 هەزار دینار بوو. ئەسکەندەر جەلیل گوتی: "ئێستا کارتۆنی هێلکە بووەتە 67 بۆ 70 هەزار دینار؛ تەبەقەی هێلکە لە بازاڕدا گەیشتووەتە 6 هەزار دینار."
بە گوتەی ئەسکەندەر جەلیل، لە 15ـی ئەم مانگەوە نرخەکان گران بوون. گوتیشی: "پێشبینی دەکەم دوو هەفتە بۆ مانگێکی دیکە نرخەکەی ئاسایی ببێتەوە و لە پارێزگاکانی کەرکووک، موسڵ و بەغدا گوشارێکی زۆرمان لەسەرە؛ هێلکە بۆ ئەو شوێنانەش دابین دەکەین."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، لە شەش ساڵدا مۆڵەت بە 41 پڕۆژەی هێلکەی مریشک دراوە و ئێستا لە هەرێمی کوردستان 55 پڕۆژە هەن.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، رۆژانە 22 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەم دێت، 7000 کارتۆنی بۆ بەکاربردنی ناوخۆییە، بڕەکەی دیکەش دەنێردرێت بۆ ناوچەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی رووداو لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە دەستی کەوتوون، بڕی هێلکە و گۆشتی مریشک لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە:
هێلکە:
پێویستیی رۆژانە: 2,672,000
بەرهەمهێنانی رۆژانە: 20,700,000 هێلکە
مریشک:
پێویستیی ساڵانە: 150,000 تۆن
بەرهەمهێنان: 280,000 تۆن
بەرهەمی زیاد لە پێویست: 130 تۆن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ