رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بەهۆی هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کارەبای نیشتمانی کوژاوەتەوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی هێرشەکەوە کارەبای نیشتمانی رووبەڕووی کوژانەوەی گشتیی بووەتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی: "80%ـی بەرهەمی کارەبای هەرێمی کوردستان لە رێگەی گازەوە دابین دەکرێت، بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی گاز بۆ وێستگەکان وەستاوە و کوژانەوەی گشتیی روویداوە".
ئومێد ئەحمەد، کە هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستانە ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگری کێڵگەکەن.
شەوی چوارشەممە کاژێر 11:30ـی لە رێگەی درۆنەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، لە سنووری ناحیەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی.
وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "بەهۆی هێرشێكی درۆنی بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر تەواویی هەناردەی گاز بۆ وێستگەكانی كارەبا راگیرا. ئێستا تیمەکانی هەردوو تیمی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و كارەبا لەگەڵ كۆمپانیای دانە گاز لەسەر هێڵن بۆ بەدواداچوونی لێكەوتەكانی ڕووداوەكە و ئاسایكردنەوەی بارودۆخەكە".
ئومێد ئەحمەد گوتی: "ئەو کارەبایەی پێویستی بە گاز نییە بۆ شوێنە گشتییەکان بەکاری دەهێنن، وەکو نەخۆشخانەکان، تاوەکو ئەو کاتەی دۆخی کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی دەبێتەوە".
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، زیاتر لە سێ هەزار مێگاوات لە بەرهەمهێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە. گوتیشی: "هەرکات هەناردەی گاز دەستپێبکاتەوە دوای 24 کاژێر بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ