عێراق بۆ رێگەی گەشەپێدان سندووقێکی وەبەرهێنانی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا دادەمەزرێنێت

26-11-2025
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سندووقی گەشەپێدانی عێراق دەڵێت، لە هەوڵی ئەوەدان سندووقێکی وەبەرهێنانی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا دابمەزرێنن، ئەوەش بە ئامانجی راکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکی و کاراکردنی هاوکاریی ئابووری لە پڕۆژەی "رێگەی گەشەپێدان".
 
محەممەد نەجار، سەرۆکی سندووقی گەشەپێدانی عێراق رایگەیاند، ئەو سندووقە هاوشێوەی "سندووقی وەبەرهێنانی عێراقی-فەرەنسی" دەبێت و کار دەکات بۆ کردنەوەی دەرگە بە رووی دامەزراندنی پیشەسازیی ئەمریکی لە ناوخۆی عێراق، بۆ ئەوەی بەسەر بەربەستەکانی دووریی مەودا و تێچووی زۆری گواستنەوەدا زاڵ بن.
 
نەجار ئاماژەی بەوە کردووە، پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە رێگەی 8 بەشی سەرەکییەوە وەبەرهێنان رادەکێشێت کە قەبارەکەی دەگاتە نزیکەی 40 ملیار دۆلار، ئەوەش سوودێکی ئابووریی گەورە بە وڵات دەگەیێنێت. پێشتریش وەزیری گواستنەوەی عێراق پێشبینی کردبوو پڕۆژەکە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار وەبەرهێنان بۆ عێراق رابکێشێت.
 
پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان کە حکومەتی عێراق بە "شادەماری ئابووری" ناوی دەبات، تۆڕێکی ڕێگەوبان و هێڵی ئاسنینە بە درێژایی 1160 کیلۆمەتر؛ لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەروازەی پیشخابوور لەسەر سنووری تورکیا.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی سندووقی گەشەپێدان ئاشکرای کرد، سندووقەکە کار لەسەر دامەزراندنی کۆمپانیایەکی تایبەت دەکات بۆ بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری لە عێراق بەناوی کۆمپانیای "حەزارە".
 
ئەمە لەکاتێکدایە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر تەواوکردنی رێکارەکانی دامەزراندنی هەردوو کۆمپانیای "رێگەی گەشەپێدان"ـی حکومی و "ئەلسوێدی ئیلیکتریک"ـی میسری بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق.
 
کۆمپانیای "ئەلسوێدی" ئەرکی دروستکردنی شارێکی پیشەسازی لە ئەستۆ دەگرێت بە سەرمایەیەک کە دەگاتە 400 ملیۆن دۆلار، کۆمپانیای "رێگەی گەشەپێدان"ـیش راستەوخۆ لەگەڵ دەستپێکردنی پڕۆژەکە دەستبەکار دەبێت بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت وەبەرهێنان لە پڕۆژەکەدا بکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە